Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە هاوڵاتیانی دەکات ئۆکرانیا جێبهێڵن


ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا داوای لە هاوڵاتیانی کرد ئۆکرانیا جێبهێڵن، گوتیشی باوەڕی وایە ڕووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرش بکاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە حکومییەکانی ئۆکرانیا.

هۆشدارییەکەی ئەمەریکا دوابەدوای ئەوە دێت حکومەتی ئۆکرانیا ئاهەنگەکانی ئەم هەفتەیەی بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەوە قەدەغەکرد.

لە گۆڕەپانی جەنگەکەشدا سوپای ئۆکرانیا وتی هێزەکانی ڕووسیا هێرشی موشەکییان کردۆتە سەر هەرێمی زاپۆریژای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، شەڕ و پێکدادانیش لەنزیک وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا ڕوویداوە کە گەورەترەین وێستگەی ناوەکییە لە ئەوروپادا.

دوای نزیکەی شەش مانگ لە دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا و کوژرانی هەزاران کەس، هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی خاکێکی بەرفرانی باشووری ئۆکرانیایان کردووە، هەروەها چەند ناوچەیەکی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاشیان داگیرکردووە.

لە ترسی زیادبوونی هێرشەکانی ڕووسیا، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤ داوای لە هاوڵاتیانی ئەمەریکا کرد ئەگەر دەتوانن وڵاتەکە جێبهێڵن.

گوتی " وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی ڕووسیا هەوڵەکانی زیاتر کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە حکومییەکانی ئۆکرانیا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا."

باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا گوتی ئەگەر پارێزراو بێت دەبێت هاوڵاتیانی ئەمەریکی " ئێستا " ئۆکرانیا جێبهێڵن.

هەرچەندە ئەمە یەکەمین جار نیە ئەمەریکا لەو جۆرە ئاگادارکردنەوەیە دەربکات، بەڵام ئەم جارەیان لەکاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە ساڵیادی 31 ساڵەی سەربەخۆیی ئۆکرانیا و جیابوونەوەیەتی لە سۆڤییەت.

هەروەها دوابەدوای کوژرانی دەریا دوگینای کچی نەتەوەپەرستێکی ڕووسی دێت کە لە نزیک مۆسکۆ لە تەقینەوەی ئوتومبێلێکدا کوژرا. مۆسکۆ بەرپرسیارێتی کوشتنەکەی خستۆتە سەر ئەستۆی بریکارەکانی ئۆکرانیا، کیێڤیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

کیێڤ دوورە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکە و لە دوای ئەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا بەرپەرچی هێرشەکانی ڕووسیایان دایەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کیێڤ، شارەکە بە دەگمەن هێرشی موشەکی کراوەتە سەر.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG