دیبلۆماتکاران دەڵێن ڕۆژی چوارشەممە لەسەر داوای ئەمەریکا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەمەبەستی تاوتوێکردنی نوێترین تاقیکردنەوە موشەکییەکانی کۆریای باکوور کۆدەبنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمەریکا هەوڵی ئەوە دەدات ئەنجومەنە 15 ئەندامییەکە ڕازیبکات سزاکانی سەر پیۆنگیانگ توندتر بکەنەوە.
کۆریای باشوور وتی ڕۆژی شەممە کۆریای باکوور لە ژێرئاوگەڕێکەوە موشەکێکی باڵیستیکی هەڵداوە، ئەوەش نوێترین تاقیکردنەوە موشەکییەکانی ئەو وڵاتەیە.
جێی ئاماژەیە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان تاقیکردنەوەی موشەکی لەلایەن کۆریای باکوورەوە قەدەغە کردووە.
ئەمەریکا بە هەڵسەنگاندنی خۆی دەڵێت ڕەنگە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە کۆریای باکوور ئامادە بێت بۆ تاقیکردنەوەی چەکێکی ناوەکی.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی ئەمەریکا دەیەوێت ئەنجومەنەکە لە مانگی پێنجدا دەنگ بدەن بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر کۆریای باکووردا. بەڵام ڕووسیا و چین کە مافی بەکارهێنانی ڤیتۆیان هەیە دژی هەر بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایش، ئاماژەیان بەوەداوە دژایەتی سەپاندنی سزای زیاتر دەکەن بەسەر کۆریای باکووردا.
لە ساڵی 2006 ەوە کۆریای باکوور لەژێر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش چەند ساڵێکە هەوڵەکانی زیاتر کردووە بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکەی کۆریای باکوور بۆ پەرەپێدان بە بەرنامە موشەکی و ناوەکییەکەی.
بەپێی چاودێرانی سەربەخۆی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆریای باکوور توانیویەتی خۆی لە هەندێک لە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بدزێتەوە. مانگی ڕابردووش ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون بەڵێنیدا پەرەپێدانی چەکە ناوەکییەکانی وڵاتەکەی خێراتر بکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
دیبلۆماتکاران: ڕۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کۆریای باکوور کۆدەبنەوە