Accessibility links

دەنگدانێکی ئەنجومەنی ئاسایشی UN لەسەر ئاگربەست لە غەززە ڕووبەڕووی ڤیتۆی ئەمەریکا دەبێتەوە


ڕۆژی سێشەممە سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند شەڕێکی سەخت لە ناوچەی خان یونسی باشووری کەرتی غەززە ڕوویداوە، هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکاری کرد بۆ دەنگدانێک لەسەر پڕۆژە بڕیارێکی جەزائیر کە تێیدا داوای دەستبەجێ ئاگربەست لە غەززە و فراوانکردنی یارمەتییە مرۆییەکان و ڕەتکردنەوەی ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان بە زۆرەملێ دەکات.

باڵیۆزی ئەمەریکا لیندا تۆماس گرینفیڵد ئاماژەی بەوە داوە ئەمەریکا دەسەڵاتی ڤیتۆی خۆی لە ئەنجومەنەکەدا بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە پڕۆژە بڕیارەکە، وتی پڕۆژەکە دەکرێت زیان بە هەوڵەکانی نێوەندگری بگەیەنێت لە جەنگەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیلدا.

پێش دەنگدانەکە، هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە ئەمەریکا خۆی پڕۆژە بڕیارێکی ئامادە کردووە بۆ ئەندامانی ئەنجومەنەکە، نوسراوی پڕۆژەکە لەلایەن دەنگی ئەمەریکاوە بیندراوە و تێیدا جەخت لە ئازادکردنی ئەو بارمتانە دەکاتەوە کە لەلایەن حەماسەوە گیراون، هەروەها دەڵێت " پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ پلانێکی باش " بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە ئەگەری ڕوودانی هێرشێکی زەمینی ئیسڕائیلدا لە ڕەفەحی باشووری غەززە.

پڕۆژە بڕیارە پێشنیارکراوەکەی ئەمەریکا " تیشک دەخاتە سەر ئەوەی ئەو جۆرە هێرشە زەمینییە گەورەیە نابێت لە ژێر ئەم هەلومەرجەی ئێستادا ئەنجام بدرێت و هەر هەوڵێکی دیکە ڕەت دەکاتەوە بۆ ئاوارەکردنی هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە بە زۆرەملێ."

ئەمەریکا کاتێکی دیاری نەکردووە بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژە بڕیارەکەی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا. بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا کات دەدات بە ئەنجومەنەکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەقەکە و هیچ پلانێکی نیە بۆ ئەوەی داوا بکات بە زوویی دەنگدانی لەسەر بکرێت.

چەندین مانگە ئەمەریکا و میسڕ و قەتەڕ گفتوگۆ دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕەکە لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان بەرهەمییان نەبووە.

ڕەفەح دەکەوێتە باشووری غەززەوە و لەسەر سنووری میسڕە، بۆردومانەکانی ئیسڕائیلیش بوونەتە هۆی خاپووربوونی شارەکانی دیکەی باکوور و ناوەڕاستی غەززە، ڕوون نییە کە ئایا ئەگەر ئیسڕائیل هێرش بکاتە سەر ڕەفەح هاووڵاتییانی سڤیلی ناو ئەو شارە بۆ کوێ دەچن.

ئیسڕائیل هۆشداری داوە و دەڵێت پلانی هەیە هێرشێکی زەمینی لە ڕەفەح ئەنجام بدات. زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەززە ئێستا لە ڕەفەحن، زۆرێکییان لە دەست بۆردومانەکانی ئیسڕائیل لە شارەکانی دیکەی باکوور و ناوەڕاستی غەززەوە هەڵاتوون بۆ ئەو شارە و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن ئۆپەراسیۆن لە ڕەفەح پێویستە بۆ لە ناوبردنی چەکدارانی حەماس لەو شارەدا. بەرپرسانی ئیسڕائیل باسییان لەوە کردووە کە پێش دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ ڕەفەح هاووڵاتییانی سڤیل لەو شارە دەگوازنەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکییان نەداوە لەسەر ئەوەی چۆن ئەو کارە دەکەن و هاووڵاتییانیش بۆ کوێ دەگوازنەوە.

بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وتوویانە کەرتی غەززە هیچ شوێنێکی پارێزراویی تێدا نەماوە تاوەکو خەڵکەکە ڕووی تێبکەن.

میسڕ ڕەتی دەکاتەوە هاووڵاتییانی سڤیلی ڕەفەح بگوازرێنەوە بۆ وڵاتەکەی، دەڵێت ئەوە دەگاتە ئاستی ئاوارەکردنی زۆرەملێوە.
ئیسڕائیل ڕەتی دەکاتەوە ئەوە نیازی بێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG