Accessibility links

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێران شەرمەزاردەکات


نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئێران بە هەڵە لە ڕێکەوتنـنامەی پەیوەست بە بەرنامە ناوکیـیەکەی تێگەیشتووە و بەڵگەش بۆ ئەوە دەستێوەردانەکانیەتی لە وڵاتانی ناوچەکە.

نیکی هەیلی ئەمڕۆ پـێنجەشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بارەگایەکی لەشکری ئەمەریکا لە واشنتن گوتی ئەمەریکا بەڵگەی لایە کە دەیسەلمێنێت ئێران خراپکارانە ڕەفتار دەکات لە سوریا و یەمەن و لوبنان و عێراق.

هەیلی کە لە میانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکە چەندان پارچەی گەورەی موشەکی لە پـشتەوەی دانرابوون، گوتی ئەمانە پارچەی ئەو موشەکەن کە ئێران دروستی کردبوو و پاشان ناردویەتی بۆ میلیشیا حوسیـیەکانی یەمەن و ئەوانیش گرتوویانەتە فڕۆکەخانەیەکی سیڤیلی بە ئامانجی کوشتنی سەدان خەڵکی سیڤیل. گوتی ئەم کارەی ئێران پـێشێلکردنی بڕیاری ژمارە 2231 ی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە ڕێگە لە ئێران دەگرێت بۆ ماوەی 5 ساڵ موشەکی بالیستیکی بفرۆشێت.

جەختی لەوە کرد موشەکەکانی ئێران تەنیا جێی مەترسی نیـیە بۆ عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچە.

گوتیشی هەروەها لە نێو پارچەکاندا پارچەی سیستەمی موشەکی ئاڕاستەکراوی دژە تانکی تێدایە کە مەوداکانیان دەگاتە زیاتر لە 3 کیلۆمەتر و لە توانیاندایە تانکێک تێکبشکێنن یان بینایەک وێرانبکەن.

پاشان گوتی قورسە شەڕێک یان گروپـێکی تێرۆرستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت و دەسـتێـکی ئێرانی تیادا نەبێت.

هەیلی باسی لەوەش کرد وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەم زووانە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی نوێ لە دژی ئێران ڕادەگەیەنێت لەسەر ئەم ڕەفتارە دوژمنکارانەیەی.

عەرەبستانی سعودیـیە لای خۆیەوە پـێشوازی لەم لێدوانانەی نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد ڕێوشوێنی پـێویست لە دژی ڕژێمی ئێران بگرێتەبەر تاوەکو سنوورێکی بۆ دابنرێت.

ئێرانیش لە زاری عەلی‌ڕەزا میریوسفی گوتەبێژی شاندی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەتیکردەوە ئەو پارچانەی لە پشت خانم نیکی هەیلیـیەوە دانرابوون، دەستکردی ئێرانی بێت.

XS
SM
MD
LG