Accessibility links

سەرچاوەکان: ئەمەریکا پلانی هەیە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار بە ئۆکرانیا بفرۆشێت


فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری ئێم کیو – 1 سی گرەی ئیگڵی ئەمەریکی
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری ئێم کیو – 1 سی گرەی ئیگڵی ئەمەریکی

سێ سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە وتیان بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەنیازە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری ئێم کیو – 1 سی گرەی ئیگڵ بە ئۆکرانیا بفرۆشێت کە دەتوانرێت بۆ شەڕی دژ بە ڕووسیا موشەکی هێڵفایەرییان بخرێتەسەر.

سەرچاوەکان وتیان پلانی فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەلایەن کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەتۆمیکسەوە دروست کراون ڕەنگە لەلایەن کۆنگرێسەوە ڕەت بکرێتەوە، هەروەها مەترسی ئەوە هەیە لە دوا ساتدا سیاسەتەکە پێچەوانە ببێتەوە کە ئەوەش ڕەنگە ببێتە هۆی لەناوچوونی پلانەکە کە ماوەی چەند هەفتەیەکە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا تاوتوێی دەکات.

ئۆکرانیا کۆمەڵێک جۆری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووکتری مەودا کورتی لە شەڕەکەیدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بەکارهێناوە، لەوانەش ئێرۆڤایرۆنمێنت، ئاڕ کیو - 20 پوما ئەی ئی، بایراکتار- تی بی 2 ی تورکی.

بەڵام فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی ئیگڵ گرەی وەکو داهێنانێک دەبیندرێت لە تەکنەلۆجیادا، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە فڕۆکەکە دەتوانێت زیاتر لە 30 کاتژمێر بفڕێت، ئەوەش بەپێی ئەرکەکەی و دەتوانێت زانیارییەکی زۆر بۆ مەبەستی هەواڵگری کۆبکاتەوە، فڕۆکەکە دەشتوانێت 8 موشەکی بەهێزی هێڵفایەر هەڵبگرێت.

فرۆشتنی ئەم جۆرە فڕۆکەیە بە ئۆکرانیا گرنگە چونکە بۆ یەکەمین جار سیستمێکی پێشکەوتووی ئەمەریکی دەخاتە گۆڕەپانێکی جەنگەوە دژی ڕووسیا.

بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەنیازە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆنگرێسی ئەمەریکا لە ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بە ئۆکرانیا ئاگادار بکاتەوە، کە پێشبینی دەکرێت دوای ئەوە بە ئاشکرا ڕابگەیەندرێت.

وتەبێژی کۆشکی سپی پرسیارەکانی ڕەوانەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کرد و وتەبێژی وەزارەتەکە وتی " هیچ شتێک نیە ڕابگەیەندرێت."

شارەزایەکی بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دان گێتینگەری کۆمەڵگەی ڤێرتیکاڵ فڵایت وتی " بە گشتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێم کیو- 1 سی فڕۆکەیەکی زۆر گەورەترە لە بایراکتار – تی بی 2 ی تورکی و لە کاتی هەستانیشدا سێ هێندە خێراترە و تواناکانی لە مەودا و بەرگەگرتندا زیاترە."

ئێم کیو- 1 سی دەتوانرێت کۆمەڵێک موشەکی جۆراوجۆری لەسەر ببەسترێت، بە پێچەوانەی بایراکتار تی بی 2 ی تورکییەوە کە تەنها موشەکی مام – ئێڵی تورکی لێدەبەسترێت کە کێشەکەی 22 کیلۆگرامە، ئەو کێشەش نیوەی کێشی موشەکی هێڵفایەرە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG