Accessibility links

ئۆکرانیا باس لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیایی دەکات و ئەمەریکاش بەڵێنی گەیاندنی یارمەتییەکان دەدات


ڕۆژی سێشەممە سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند 15 بۆ 16 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیاییان خستووەتە خوارەوە، ئەوەش چەند کاتژمێرێک پێش دەنگدانێکی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا لەسەر پاکێجێکی یارمەتییە ئاسایشییەکان کە 61 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا لە خۆدەگرێت.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی هێرشەکەی ڕووسیا دوو موشەکی باڵیستیکیشی لە خۆگرتووە، هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانییان بەسەر هەرێمەکانی چێرکاسی و کیێڤ و میکۆلایڤ و ئۆدێسادا خستووەتە خوارەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی ئۆدێسا ئۆلی کیپەر وتی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە چەندین بینای نیشتەجێبوون و بەهۆیەوە لانیکەم نۆ کەس بریندار بوون.

فەرمانڕەوای هەرێمی میکۆلایڤ ڤیتالی کیم وتی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوونەتە هۆی برینداربوونی کەسێک و زیانگەیاندن بە بینایەکی بازرگانی.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە وتی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە چوار موشەکی ئۆکرانیاییان بەسەر هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕووسیاوە خستووەتە خوارەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆد ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ وتی بەهۆی هێرشەکانەوە بینایەک زیانی پێگەیشتووە بەڵام برینداری لێنەکەوتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە بەڕیتانیا یارمەتییەکی بە بڕی 618 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند کە چوار ملیۆن فیشەک و 1600 تەقەمەنی و 400 ئوتومبێل لە خۆدەگرێت.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەرگریکردن لە ئۆکرانیا دژی پەرۆشییە دڕندانەکەی ڕووسیا زۆر گرنگە بۆ ئاسایشمان و بۆ هەموو ئەوروپاش. ئەگەر پوتن ڕێگەی بدرێت لەم جەنگی دوژمنکارییەدا سەربکەوێت ئەوا بە سنووری پۆڵەنداشەوە ناوەستێت."

پێش دەنگدانەکەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا، کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا قسەی کردووە و بەڵێنی داوە " بە خێرایی یارمەتییە گرنگە نوێیە ئاسایشییەکە دابین بکات تاوەکو لە ئاست پێویستییە بەپەلەکانی ئۆکرانیادا بێت لە گۆڕەپانی جەنگەکە، هەروەها لە ئاست پێویستییەکانی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتەدا بێت."

بایدن وتیشی یارمەتییە ئابوورییەکەی ئەمەریکا " یارمەتیدەر دەبن لە پاراستنی جێگیریی دارایی و دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانە هەستیارەکە دوابەدوای هێرشەکانی ڕووسیا، هەروەها پشتیوانییەک دەبێت بۆ چاکسازی لە کاتێکدا کە ئۆکرانیا بەرەو یەکخستنی دەچێت لەگەڵ ناوچەی ئەوروپا و ئەتلانتیکدا."

زێلێنسکی سوپاسگوزاری خۆی بۆ یارمەتییەکە دەربڕی و وتی بایدن پێی وتووە کە یارمەتییەکان پتەوکردنی " بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا و تواناکانی تۆپهاوێژی مەودا دووریش لە خۆدەگرێت."

زێلێنسکی وتی سەبارەت " تیرۆری ئاسمانی ڕووسیایی " قسەی لەگەڵ بایدندا کردووە کە " هەزاران موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆمبی تێدا بەکاردەهێندرێت." وتیشی هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر تاوەرێکی تەلەفیزیۆن لە شاری خارکیڤی دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیا چەند خولەکێک پێش گفتوگۆکەیان پشتڕاست کراوەتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG