Accessibility links

بلینکن بە ئۆکرانیا دەڵێت بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ لادانی هێرشی ڕوسیا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئۆکرانیا وتی ڕوسیا لەوانەیە " لە ماوەیەکی زۆر کورتدا " هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، بەڵام واشنتن تاوەکو دەتوانێت لە هەوڵە دیبلۆماتیەکانی بەردەوام دەبێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا نازانێت ڕوسیا لەڕاستیدا چی دەوێت.

لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بەمەبەستی دەرخستنی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئەو وڵاتە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئۆکرانیەکان دەبێت خۆیان بۆ ڕۆژە سەختەکان ئامادە بکەن. وتیشی واشنتن بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ئۆکرانیا لەڕووی بەرگرییەوە و دووبارە جەختی لەوە کردەوە سزای توند بەسەر ڕوسیادا دەسەپێندرێت ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات.

کرێملن وتی گرژییەکان سەبارەت بە ئۆکرانیا زیاتر بوون و هێشتا چاوەڕێی وەڵامی ئەمەریکایە سەبارەت بە داواکارییە ئاسایشییەکانی لە ڕۆژئاوا.

دوابەدوای سەردانەکەی بۆ ئۆکرانیا، بلینکن ڕۆژی هەینی لە جنێڤ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا کۆدەبێتەوە.

بلینکن لە ئۆکرانیا بەڵێنیدا " هەوڵە دیبلۆماتیەکان زیاتر بکات بۆ ڕێگە نەدان بە دوژمنکارییەکی دیکە و بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ و ئاشتی." وتیشی هیچ هۆکارێک لە ئارادا نەبووە بۆ زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا.

وتی " دەزانین پلان هەن بۆ زیادکردنی ئەو هێزانە لە ماوەیەکی کورتدا، ئەمەش لە ماوەیەکی کورتدا توانایەک دەداتە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن بۆ ئەنجامدانی دوژمنکاری زیاتر دژی ئۆکرانیا."

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا ڕوسیای تۆمەتبار کرد بەوەی ترس لەناو ئۆکرانیادا دەچێنێت. وتیشی ڕێگەی دیبلۆماسی تاکە چارەسەرە و لەسەر ئەو بنەمایەیە کە هیچ بڕیارێک بەبێ بەشداری ئۆکرانیا نادرێت.

وتیشی " بنەماکە سادەیە، ئۆکرانیایەکی بەهێز باشترین ئامڕازە بۆ بەستنەوەی ڕوسیا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG