Accessibility links

بایدن بۆ ئۆکرانیا: ئەمەریکا هاوپەیمانان بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵام دەدەنەوە ئەگەر ڕوسیا داگیرکاری زیاتر بکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی وت ئەمەریکا و هاوپەیمانان " بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە " وەڵام دەدەنەوە ئەگەر ڕوسیا خاکی زیاتری ئۆکرانیا داگیربکات.

لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەیاندا دوو سەرۆکەکە باسیان لە هەوڵە دیبلۆماتیەکانیش کرد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی لە بەیاننامەیەکدا دوابەدوای پەیوەندییە تەلەفونییەکە وتی " بایدن و زیلینسکی تاوتوێی ڕێوشوێنەکانیان کردووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە دۆنباس و هەوڵە دیبلۆماتیەکان بۆ بەرەوپێشبردنی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی مینسک."

وتیشی " بەڵام بایدن جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردۆتەوە بە سەروەری خاکی ئۆکرانیاوە." ئاماژەشی بەوەدا بایدن جەختی لە بنەمای " هیچ شتێک بەبێ ئێوە ناکرێت " کردۆتەوە.

لەلای خۆیەوە زیلینسکی لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەداوە دوو سەرۆکەکە تاوتوێی " کارە هاوبەشەکانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا و هاوبەشەکانیان کردووە بۆ پاراستنی ئاشتی ئەوروپا و ڕێگە نەدان بە زیادبوونی گرژییەکان."

زیلینسکی وتی " بەو پشتیوانیە جێگیرە بۆ ئۆکرانیا دەزانین."

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەیان کرد، بایدن لە پەیوەندییەکەدا هۆشداریدایە پوتن و وتی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا سزای ئابووری قورس بەسەر ڕوسیادا دەسەپێنن ئەگەر مۆسکۆ و پوتن ئۆکرانیا داگیربکەن.

لە ساڵی 2014 دا ڕوسیا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای داگیرکرد و وڵاتانی ڕۆژئاوا ناڕەزاییان سەبارەت بەو کارەی ڕوسیا دەربڕی و سزای ئابووری سوکترییان بەسەردا سەپاند.

هەفتەی ڕابردوو کرێملن وتی پوتن بە بایدنی وتووە سەپاندنی سزای قورستر بەسەر ڕوسیادا لەوانەیە ببێتە هۆی لەناوبردنی تەواوەتی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG