Accessibility links

ئەمەریکا دووبارە جەخت لە نزیکبوونەوەی داگیرکردنی ئۆکرانیا دەکاتەوە لەلایەن ڕووسیاوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت سەرجەم نیشانەکان ئاماژە بەوە دەدەن ڕووسیا لەسەر لێواری داگیرکردنی ئۆکرانیایە، بەڵام بەڵێنیدا واشنتن تاوەکو دوا سات هەوڵ بدات سوود لە سەرجەم دەرفەتەکان وەربگرێت تاوەکو بزانێت ڕێگەی دیبلۆماسی سەرکەوتوو دەبێت لە ڕازیکردنی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا لەسەر ئەوەی بەردەوام نەبێت لەم کارەی یاخود نا.

بلینکن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پڕۆگرامێکی کەناڵی سی ئێن ئێن جەختی لە هەڵوێستی ئەمەریکا کردەوە لەسەر ئەوەی ئەگەر پێش داگیرکردنەکە سزاکان بسەپێندرێن بەسەر ڕووسیادا ئەوا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی ڕۆژی شەممە داوایکرد سزاکان بسەپێندرێن بەسەر ڕووسیادا.

بلینکن وتی " مەبەست لە سەپاندنی سزاکان هەوڵدانە بۆ بەربەست دانان لەبەردەم ڕووسیادا تاوەکو جەنگ هەڵنەگیرسێنێت، ئەگەر پێش داگیرکردنەکە سزاکان بسەپێندرێن ئەوا چیتر بەربەست دانانت نامێنێت."

ڕۆژی شەممە زیلینسکی لەمیانەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخدا وتی " ئێوە پێم دەڵێن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە سەدا 100 جەنگێک دەبێت، چاوەڕێی چی دەکەن؟ "، هەروەها دووبارە داوای لە ڕۆژئاوا کردەوە ئێستا سزاکان بسەپێنن بەسەر ڕووسیادا.

زیلینسکی وتی " سزاکانی ئێوەمان ناوێت دوای ئەوەی بۆردومانکردن ڕوویدا، یاخود دوای ئەوەی تەقە لە وڵاتەکەمان کرا، یاخود چیتر سنوور و ئابووریمان نەمێنێت، یاخود کاتێک بەشێک لە وڵاتەکەمان داگیرکرا."

بلینکن وتی " هەموو ئەو شتانەی دەیبینین ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەمە بابەتێکی زۆر جددییە، ئاماژە بەوە دەدەن لەسەر لێواری داگیرکارییەکین. هەموو ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین تاوەکو ڕێگە لە ڕوودانی بگرین."

وتیشی " تاوەکو ئەو کاتەی تانکەکان دەجوڵێن و فڕۆکەکان دەفڕن، سوود لە سەرجەم دەرفەتەکان وەردەگرین تاوەکو بزانین ڕێگەی دیبلۆماسی سەرکەوتوو دەبێت لە ڕازیکردنی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا لەسەر ئەوەی بەردەوام نەبێت لەم کارەی یاخود نا."

بلینکن وتی هێشتا پلانەکەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ لە شوێنی خۆیدایەتی و وابڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، ئەمەش ئەگەر ڕووسیا تاوەکو ئەو کاتە هێرش نەکاتە سەر ئۆکرانیا.

وتیشی سەرۆک بایدن ئامادەیە " لە هەر کات " بە هەر شێوەیەک بێت لەگەڵ پوتندا قسە بکات، ئەگەر ئەمە یارمەتیدەر بێت لە ڕێگەگرتن لە هەڵگیرسانی جەنگدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG