Accessibility links

ئەمەریکا: پێدەچێت ئۆڵۆمپیادی پەکین کاریگەریی هەبێت لەسەر بیرکردنەوەی ڕووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا


جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان وتی پێدەچێت یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین کاریگەریی لەسەر کاتی ئەگەری هەر داگیرکارییەکی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا هەبێت، ئاماژەشی بەوەدا سەرۆکی چین شی جین پینگ دڵخۆش نابێت ئەگەر داگیرکردنی ئۆکرانیا و یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە یەک کاتدا بن.

شێرمان کە ڕابەرایەتی شاندەکەی ئەمەریکای کرد لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ ڕووسیا، وتی ئەوە نازانێت کە ئایا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن بڕیاری داگیرکردنی ئۆکرانیای داوە یاخود نا، بەڵام ئاماژەکان دەریدەخەن ئەگەر داگیرکردن ڕووبدات ئەوا لەنێوان ئێستا و ناوەڕاستی مانگی دوودا دەبێت.

جێی ئاماژەیە وابڕیارە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین لە مانگی دوودا بەڕێوەبچن و پێشبینی دەکرێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتنیش ئامادەی یارییەکان دەبێت.

شێرمان وتی " هەموومان دەزانین ئۆڵۆمپیادی پەکین لە 4 ی مانگی دوودا دەستپێدەکات و پێشبینی دەکرێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتنیش لەوێ ئامادە بێت. پێم وایە سەرۆکی چین شی جین پینگ دڵخۆش نابێت بەوەی پوتن ئەو کاتە هەڵبژێرێت بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا."

وتی " لەوانەیە ئەوە کاربکاتە سەر کاتەکە و بیرکردنەوەی پوتن."
ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن ڕەخنەی توندی لە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆئاوا گرت سەبارەت بە بایکۆتکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین لەڕووی دیبلۆماتیەوە و وتی " دژایەتی بە سیاسیکردنی وەرزش دەکات."

باڵیۆزخانەی ئەمەریکاش لە ئۆکرانیا داوای لە هاوڵاتیانی ئەمەریکا کردووە ئێستا بیر لە جێهێشتنی ئۆکرانیا بکەنەوە، وتی ڕەوشی ئاسایشی وڵاتەکە " بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەکانی ڕووسیاوە پێشبینی نەکراوە."
شێرمان وتی ئەمەریکا ئامادەکاریی کردووە بۆ سەرجەم سیناریۆکان، لەوانەش " سیناریۆی داگیرکردنی تەواوەتی ئۆکرانیا "، بەڵام وتی ئەگەر تەنها یەک سەربازیی ڕووسیش بچێتە ئۆکرانیاوە بابەتێکی جددی دەبێت.

وتی " ئەوە پێشێلکردنی سەرجەم یاساکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت و پەیامێک دەدات کە وڵاتێکی دیکە دەتوانێت بێ گوێدانە سزاکان ڕەفتار بکات، کە ئەمەش دەرەنجامێکی گەورەی دەبێت لەسەر ئۆکرانیا و ئەوروپا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG