Accessibility links

یەمەن دەڵێت لە هێرشەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیادا بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان 11 کەس کوژراون


وتەبێژێکی حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەن بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا شار و شارۆچکە بچووکەکانی ڕۆژئاوای یەمەنییان کردووەتە ئامانج و لانیکەم 11 کەس بەهۆی ئەو هێرشانەوە کوژراون و 14 کەسی دیکە بریندار بوون، ئەمەش لە هەوڵێکی ئەمەریکا و بەڕیتانیادا بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا دژی هێرشی حوسییەکانی یەمەن.

بەپێی کەناڵی ئەلمەسیرەی حوسییەکان، لانیکەم 17 هێرشی ئاسمانی هەبوون، شاری حودەیدە و بەندەری ڕاس عیساش کراونەتە ئامانج.

هێرشە ئاسمانییەکان چەند ڕۆژێکی کەم دوای ئەوە هاتن کە هاووڵاتییانی سڤیل بەهۆی هێرشەکانی حوسییەکانەوە کوژران و کەشتییەک نقووم بوو، حوسییەکان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و لە مانگی یانزەوە وەکو دەرخستنی پشتیوانی بۆ فەلەستینییەکانی غەززە دژی ئیسڕائیل بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.

سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتییە دەریاییەکەی ئەمەریکا و بەڕیتانیا و هێزە دەریاییەکانی دیکە، حوسییەکان هێرشەکانییان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا زیاتر کردووە، کە بە یەکێک لە قەرەباڵغترین ڕێڕەوە بازرگانییە دەریاییەکان دادەنرێت.

ڕۆژی چوارشەممە حوسییەکان لە هێرشێکدا لە دەرەوەی بەندەری عەدەن بۆ سەر کەشتی ترو کۆنفیدێنس کە یۆنان بەڕێوەی دەبات، سێ ئەندامی سەر کەشتییەکە کوژران.

کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل لەسەر ئەو کەشتییە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کەشتی بارهەڵگری ڕوبیمار نقووم بوو، کەشتییەکە لە 18 ی مانگی دوودا حوسییەکان بە موشەکێک کردیانە ئامانج و دوای دوو هەفتە نقوومبوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG