Accessibility links

بەڕیتانیا و ئەمەریکا هۆشداری دەدەن سەبارەت بە ئەگەری هێرشێک لە پایتەختی نایجیریا


ئەمەریکا و بەڕیتانیا هۆشدارییاندا سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی هێرشێکی تیرۆریستی لە ئابوجای پایتەختی نایجیریا، وتیشیان خوێندنگاکان و بیناکانی حکومەت و شوێنەکانی پەرستن لە نێو ئەو ئامانجانەدان کە ئەگەری هەیە هێرشییان بکرێتە سەر.

نایجیریا بە شێوەیەکی سەرەکی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا دژی ئیسلامییەکان دەجەنگێت، بەڵام لە مانگی حەوتدا ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر بەندینخانەیەکی ئابوجای ڕاگەیاند کە تیایدا نزیکەی 400 بەندکراو ئازاد کران.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نایجیریا گوتی " مەترسیی هێرشی تیرۆریستی لە نایجیریا و بە تایبەتی لە ئابوجا زیادیکردووە." وتیشی بازاڕەکان و دامەزراوەکانی هێزەکانی پۆلیس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەو شوێنانەن کە مەترسییان لەسەرە.

باڵیۆزخانەکە لە ئاگادارکردنەوەیەکدا بۆ دانیشتوانی نایجیریا گوتی " باڵیۆزخانەی ئەمەریکا خزمەتگوزارییەکانی تاوەکو کاتێکی دیارینەکراو کەم دەکاتەوە."

حکومەتی بەڕیتانیاش هۆشداریدا و گوتی دانیشتوانی نایجیریا دەبێت ئاگادار بن بەهۆی " زیادبوونی هەڕەشەی هێرشی تیرۆریستی لە ئابوجا."

گوتی " ڕەنگە هێرشەکان بەبێ جیاکاری ئەنجام بدرێن و کاربکەنە سەر بەرژوەندییەکانی ڕۆژئاوا، هەروەها ئەو شوێنانەشی کە گەشتیاران ڕووی تێدەکەن."

ناپارێزراوی کە بە هەموو وڵاتەکەدا پەرەی سەندوووە، کێشەی سەرەکی دەنگدەران دەبێت کاتێک لە مانگی دووی ساڵی داهاتوودا ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن تاوەکو سەرۆکێکی نوێ هەڵببژێرن و شوێن سەرۆکی ئێستای نایجیریا موحەمەدو بوهاری بگرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG