وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەچوارچێوەی یەکەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتدا چاوی بە وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب دەکەوێت، ئەمەش یەکەمین کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی کۆمەڵەکە دەبێت لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
مانگی شەش بەڕیتانیا میوانداری کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی حەوت دەکات لە کۆرنۆڵی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، ئەمە لەکاتێکدا هەوڵی ئەوە دەدات جەخت لە پێگەی خۆی بکاتەوە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دوای هاتنە دەرەوەی لە یەکێتی ئەوروپادا.
هەروەها ئەمە یەکەمین سەردانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەبێت بۆ ئەوروپا، ئەوەش دوای ئەوەی کۆبوونەوەکەی ساڵی 2020 کە ئەمەریکا میوانداری دەکرد هەڵوەشێندرایەوە.
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب لە بەیاننامەیەکدا وتی " کۆبوونەوەی کۆمەڵەی حەوت لەم هەفتەیەدا دەریدەخات بەڕیتانیای جیهانی گەورەترین وڵاتانی دیموکراتخوازی کۆکردۆتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی کێشە هاوبەشەکان، کار دەکەین لەسەر ئەوەی بەشێوەیەکی یەکسان ڤاکسینەکان بە جیهاندا بڵاوببنەوە، هەروەها ئامانجی جیهانی دادەنرێت لەسەر ئاستی فێرکردنی کچان و دیاریکردنی هەنگاوەکان لەسەر ئاستی گۆڕانی کەش و هەوا و پەرەپێدانی ڕێوشوێنە نوێیەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسێتی."
وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا ئەوەشی خستەڕوو بلینکن و ڕاب لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێی بابەتەکانی بازرگانی و چین و ئەفغانستان و ئێران دەکەن.
سەرچاوە/ فرانس پرێس