Accessibility links

فاینانشیاڵ تایمز: ئەمەریکا، بەڕیتانیا و ئوستڕاڵیا هەوڵی فراوانکردنی پەیماننامە ئاسایشییەکەی نێوانییان دەدەن


ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاویکردەوە ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئوستڕاڵیا دەستییان کردووە بە گفتوگۆکان بۆ هێنانی ئەندامی نوێ بۆ ناو پەیماننامە ئاسایشییە سێ قۆڵییەکەی نێوانییان کە بە AUKUS ناسراوە، لە کاتێکدا کە واشنتن دەیەوێت ژاپۆن بێتە ناوەوە وەکو ڕێگرییەک لە دژی چین.

ڕۆژنامەکە لە زاری چەند کەسێکی نزیک لە بابەتەکەوە بڵاویکردەوە وەزیرانی بەرگری سێ وڵاتەکە ڕۆژی دووشەممە گفتوگۆکان لەسەر " پایەی دووەمی " پەیماننامەی AUKUS ڕادەگەیەنن، بەپێی ئەو پایەیەی پەیماننامەکە، ئەندامانی پەیماننامەکە پابەند دەبن بەوەوە کە پێکەوە بە هاوبەشی پەرە بە بڕە بیردۆزی کۆمپیوتەری و ژێردەریا و دەنگبڕ و زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆجیای ئەلیکترۆنی بدەن.

فاینانشیاڵ تایمز وتی سێ وڵاتەکە بیر لە فراوانکردنی پایەی یەکەم ناکەنەوە کە مەبەست لێی گەیاندنی ژێرئاوگەڕی ئەتۆمییە بۆ ئوستڕاڵیا.

پەیماننامەی ئاسایشی نێوان بەڕیتانیا و ئەمەریکا و ئوستڕاڵیا ( AUKUS ) لە ساڵی 2021 دا لەلایەن ئەو سێ وڵاتەوە پێکهێندرا، پەیماننامەکە بەشێکە لە هەوڵەکانییان بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چین لە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکدا. چین پەیماننامەکەی بە مەترسیدار ناوبردووە و هۆشداریداوە و دەڵێت دەکرێت ئەو پەیماننامەیە پەرە بسەنێت بۆ کێبڕکێی خۆپڕچەککردن لە ناوچەکەدا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لە ئاسیا زیاتر بکات، لەوانەش ژاپۆن و فیلیپین، ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی دەسەڵات و کاریگەرییەکانی چین لە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکدا.

ڕۆژی چوارشەممە ڕەم ئیمانوێلی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ژاپۆن لە ڕۆژنامەی واڵ ستریتدا نوسیویەتی ژاپۆن " خەریکە دەبێتە یەکەم هاوبەشی دیکەی پایەی دووەم."

ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزی وت دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا جۆرە ڕاگەیاندنێک پێشبینی بکرێت سەبارەت بە ژاپۆن، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە گفتوگۆکانەوە وتی بایدن و سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا لە ماوەی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەیاندا لە واشنتن ڕەنگە تاوتوێی فراوانکردنی پەیماننامەی AUKUS بکەن تاوەکو ژاپۆنیش بتوانێت یوەندی پێوە بکات.

سەرچاوەکە وتی بەڵام ئوستڕاڵیا نیگەرانە لە دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێ هەتاوەکو بەرەوپێشچوونێک دەکرێت لە دابینکردنی ژێرئاوگەڕی وزەی ئەتۆمی بۆ سوپای ئەو وڵاتە.

وەزیری بەرگری ئوستڕاڵیا ڕیچار مارلیز وتی " تاوتوێی دەرفەتەکان دەکەین بۆ گفتوگۆکردن لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانی پایەی دووەمی AUKUS دا." وتەبێژێکی ئۆفیسی وەزیری بەرگری ئوستڕاڵیا وتی بەشداربوونی هەر وڵاتێکی دیکە لەلایەن سێ وڵاتەکەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت و ڕادەگەیەندرێت.

وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیاش وتی حەز دەکات هاوپەیمانی دیکە بەشداربن لەم کارەدا، بەڵام دەبێت هەموولایەک ڕازی بن لەسەری.

لە کاتێکدا کە ئەمەریکا سوورە لەسەر بەشداربوونی ژاپۆن لە پایەی دووەمی پەیماننامەکەدا، بەرپرسان و شارەزایان دەڵێن هێشتا بەربەست ماونەتەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ژاپۆن دەبێت بەرگرییەکی باشتری ئەلیکترۆنی هەبێت و یاسای توندتری هەبێت بۆ پاراستنی نهێنییەکان.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کێرت کامپڵی ئەندازیار لە سیاسەتی ئەمەریکادا بۆ ئیندۆ پاسێفیک، ڕۆژی چوارشەممە وتی ئەمەریکا هانی ژاپۆن دەدات کاری زیاتر بکات بۆ پاراستنی موڵکی فیکری خۆی و لێپێچینەوە لە بەرپرسان بکات لەسەر نهێنییەکان. وتی " ڕاستە ژاپۆن هەندێک لەو هەنگاوانەی گرتووەتەبەر، بەڵام هەموویان نا."

ئەمەریکا دەمێکەیە وتوویەتی کە پێشبینی دەکرێت وڵاتانی دیکە لە ئەوروپا و ئاسیا پەیوەندی بە پایەی دووەمی AUKUS ەوە بکەن.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی هەر بڕیارێک لەسەر ئەوەی ئایا کێ بەشدار دەبێت لە پایەی دووەمدا لەلایەن سێ وڵاتەکەی پەیماننامەکەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، لە کاتێکدا کە وەزیرانی بەرگری سێ وڵاتەکە چەندین مانگە تاوتوێی ئەو پرسە دەکەن، تاوتوێی ئەوە دەکەن چی وڵاتێکی دیکە بهێننە ناو پڕۆژەکەوە.

کامپڵ وتی وڵاتانی دیکە ئارەزووی خۆیان پیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە پەیماننامەی AUKUS دا.

وتیشی پڕۆژەی ژێرئاوگەڕی AUKUS یارمەتیدەر دەبێت لە ڕێگریکردن لە هەر جووڵەیەکی چین دژی تایوان، تایوان بە شێوەیەکی دیموکراسییانە فەرمانڕەوایی خۆی دەکات و چین دەڵێت بەشێکە لە خاکی خۆی، بەڵام تایوان دەسەڵاتی چین بەسەریدا ڕەت دەکاتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە بایدن و کیشیدا و سەرۆکی فیلیپین فێردیناند مارکۆس کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی ئەنجام دەدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG