Accessibility links

بلینکن دەڵێت ئەمەریکا هێشتا ئامادەیە فڕۆکەی جەنگی بە ئیماڕات بفرۆشێت


ئێف-35
ئێف-35

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا هێشتا ئامادەیە بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف-35 ی ئەمەریکی بە ئیماڕات، ئەمەش دوای ئەوەی ئیماڕات هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کرد بەهۆی کۆمەڵێک مەرجی " توندەوە "

گرێبەستەکە کە بە بڕی 23 ملیار دۆلارە و لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە سەرەتا گفتوگۆی لەسەرکرا، لەو کاتەدا وەکو خەڵاتێک دەبیندرا لە ئەمەریکاوە بۆ ئیماڕات، بەهۆی ئەوەی ئیماڕات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردەوە.

ڕۆژی سێشەممە ئیماڕات هەڕەشەی ئەوەی کرد گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی کۆمەڵێک مەرجی توندەوە، هەروەها لەکاتێکیشدایە ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ ئەو وڵاتەی هاوپەیمانی ئەمەریکادا.

بەڵام بلینکن وتی " ئەمەریکا ئامادەیە تاوەکو بەرەو پێشەوە بچێت لە گرێبەستەکەدا، ئەگەر ئیماڕات ئەوەی بوێت."

کاتێک سەبارەت بە مەرجەکانی ئەمەریکاش پرسیاری لێکرا، بلینکن وردەکاریی نەدا، بەڵام وتی واشنتن ویستوویەتی دڵنیابێتەوە لەوەی ئیسڕائیل " لەڕووی سەربازییەوە بە باڵادەستی " بمێنێتەوە.

ئیسڕائیل هەمیشە دژایەتی ئەوەی کردووە ئیماڕات ببێتە خاوەنی فڕۆکەی ئێف-35 ی ئەمەریکی، هەوڵی ئەوە دەدات باڵادەستی خۆی لە ناوچەکەدا بپارێزێت، بەڵام دوای ئەوەی ئیماڕات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردەوە، ئیسڕائیل ڕەزامەندی خۆی دەربڕی تاوەکو ئەمەریکا ئەو جۆرە فڕۆکەیە بە ئیماڕات بفرۆشێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG