Accessibility links

ئەو وێنەیەی تورکەکانی توڕە کرد


وێنەیەکی هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا و تورکیا کە ڕۆژی دووشەممە لە میانەی کۆبوونەوەی ڕێبەرانی ناتۆ لە برۆکسل گیرا، کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بە تایبەتی لە ناو تورکیا کە بەشێکی زۆری تورکەکانی توڕە کرد.

بەشێک لە خەڵکی وەها لە وێنەکەیان ڕوانی وەک ئەوەی سەرۆکی تورکیا دەستی سەرۆکی ئەمەریکا ماچ بکات، بەڵام لە ڕاستیدا لەو ساتەدا وێنەکە گیرابوو کە سەرۆک بایدن و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سڵاویان لە یەکتر دەکرد.

کەسێک بە ناوی گۆکهان لە تویتەرەکەی ڕەخنە لە وێنەکە دەگرێت و دەڵێت جێی شەرمە وەها وێنابکرێت وەک ئەوەی ئەردۆغان دەستی بایدن ماچ دەکات. ناڕەزاییش دەردەبڕێت لە بەرامبەر بڵاوکردنەوە وێنەکە لە ڕۆژنامەی جمهوریەت.

پـرۆفیسۆر ئیحسان یڵمز کە تورکێکی دانیشتووی ئوسترالیایە، لەسەر تویتەرەکەی بە شێویەکی گاڵتەئامێز لەسەر وێنەکە نووسیویەتی "باوکە لەسەر هەڵەکانم لێم ببوورە."

توگای بەگ کە پارێزەرێکی تورکە ئەویش ڕەخنە دەگرێت و وێنەکەی داناوە لەگەڵ وێنەیەکی کۆنی بۆڵەنت ئەجەوێد سەرۆک وەزیری پـێشووتری تورکیا کە لە کۆشکی سپی لەگەڵ بێل کلنتن سەرۆکی ئەو سەردەمەی ئەمەریکا کۆبووەتەوە.

فەخرەدین ئاڵتون، بەڕێوەبەری پەیوەندیـیەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە تویتەرەکەی ڤیدیۆی ساتی وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە و پـیشانی دەدات کە چۆن هەردوو سەرۆک سڵاو لە یەکتر دەکەن.

هەردوو سەرۆک بۆ ماوەی 45 خولەک لە پشت دەرگای داخراو کۆبوونەوە و جگە لە وەرگێڕەکانیان کەسی دیکە لە ژورەکەدا ئامادە نەبوو. بەپـێی ڕاگەیاندنی سەرۆک بایدن و هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکی زۆر باشیان ئەنجامداوە.

لە لایەکی دیکەوە ڕەخنەیەکی تر لە ئەردۆغان گیرا بەوەی زمانی ئینگلیزی نازانێت، ئەویش کاتێک بە زمانی ئینگلیزی داوا لە ڕێبەرانی ناتۆ کرا ڕووی خۆیان وەربگێڕن، هەموو ڕێبەرانی ناتۆ ڕوویان وەرگێڕا تەنیا ئەو لە شوێنی خۆی نەجوڵا هەتا ئەو کاتەی هەستی کرد هەموو ڕوویان وەرگێڕاوە.

کەسێک بە ناوی ئەمەکچی بۆی نووسیوە" تاقیکردنەوەی سەرۆک ئەردۆغان لە زمانی بیانیدا."

XS
SM
MD
LG