Accessibility links

ڕاپـۆرتێک: کۆمپانیا تورکیـیەکان هەتا 2022 چەند پارچەیەکی فڕۆکەی F-35 دروستدەکەن


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆلۆی تورکیا دەڵێت گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گوتویەتی وڵاتەکەی هەتا ساڵی 2022بەردەوام دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا تورکیـیەکان بۆ دروستکردنی چەند پارچەیەکی فڕۆکەی F-35.

بەپـێی هەواڵێکی ئانادۆلۆ، جێسیکا ماکسوێل گوتویەتی کۆمپانیا تورکیـیەکان بەردەوام دەبن لە دروستکردنی پارچەکان لەسەر بنەمای ئەو گرێبەستانەی لەگەڵیاندا مۆرکراون. گوتوشیەتی هێشتا وەزارەتی بەرگری دەگەڕێت کۆمپانیای دیکە لەبری کۆمپانیا تورکیـیەکان بدۆزێتەوە بۆ دروستکردنی ئەو 139 پارچەیەی فڕۆکەی F-35 .

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت هێشتا لە بارەی ئەم هەواڵەوە هیچ لێدوانێکی لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە دەستنەکەوتووە.

ئەمەریکا لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو هاوکاریـیەکانی لەگەڵ تورکیا بۆ دروستکردن و پەرەپـێدانی فڕۆکەی F-35 ڕاگرت، پاش ئەوەی ئەنکەرە یەکەم سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 ی ڕووسیایی لە مۆسکۆ وەرگرت.

واشنتن دەڵێت بوونی ئەو سیستەمە ڕووسیایـیە لە تورکیا جێی مەترسیـیە بۆ فڕۆکەی F-35 کە بە یەکێک لە نوێترین فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکا و وڵاتانی ناتۆ دادەنرێت. بەڵام ئەنکەرە ئەم لێکدانەوەیەی واشنتن ڕەتدەکاتەوە.


سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG