Accessibility links

دەقی ڕێکەوتنی نێوان ئەمەریکا و تورکیا بۆ ئاگربەست لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند لەگەڵ تورکیا بە ئاگربەستێک گەیشتوون بۆ کۆتایی‌هێنان بە ئۆپەراسیۆنی لەشکری تورکیا بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

مایک پـێنس ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە گوتی تورکیا بە ئاگربەست ڕازی بووە و تەواوی ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەیلە ماوەی 120 کاتژمێر (5 ڕۆژ) کۆتایی پـێدەهێنێت، پاش ئەوەی هێزە کوردیـیەکان لەو ناوچەیە دەکشێنەوە کە بڕیارە بکرێتە ناوچەی ئارام.

پـێنس گوتیشی لە پاش زیاتر لە 4 کاتژمێر لە وتووێژکردن لەگەڵ ئەردۆغان توانیویانە بەم ئەنجامە بگەن.

لە لایەکی دیکە مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی ئەوان ئۆپەراسیۆنەکە ڕادەگرن بەڵام کۆتایی پـێ ناهێنن هەتا هێزە کوردیـیەکان لەو ناوچەیە نەکشێنەوە کە بڕیارە بیکەن ناوچەی ئارام.

ئەمەش دەقی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکەیە:

1 ئەمەریکا و تورکیا جەخت دەکەنەوە سەر پەیوەندیـیەکانی نێوانیان وەک دوو ئەندامی ناتۆ. ئەمەریکا لە نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە ڕەواکانی تورکیا سەبارەت بە سنوورەکانی باشوری تورکیا تێدەگات.

2 تورکیا و ئەمەریکا کۆکن لەسەر ئەوەی دۆخەکە لەسەر زەوی بە تایبەتی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا وەهایە هاوکاری نزیکتر هەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیـیە هاوبەشەکان.

3 تورکیا و ئەمەریکا بەردەوامن لەسەر پاراستنی خاک و هاوڵاتیانی وڵاتە ئەندامەکانی ناتۆ لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا. لەگەڵ تێگەیشتنێکی تەواو بۆ (یەک لە پـێناو هەموومان و هەموو لە پـێناو یەک). (یەک لە پـێناو هەموومان و هەموو لە پـێناو یەک) دەسەتەواژەیەکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە.

4 ئەم دوو وڵاتە بەڵێنیان دووپاتدەکەنەوە بۆ ڕێزگرتن لە ژیانی مرۆڤەکان، مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەمایەتیـیە ئاینی و نەژادیـیەکان.

5 تورکیا و ئەمەریکا پابەندن بە نەهێشتنی چالاکیـیەکانی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەمە بریتی دەبێت لە هەماهەنگیکردن بەپـێی پـێویست لە بارەی بەندیخانەکانی دەستگیرکراوە داعشەکانی تێدایە و هەروەها لە بارەی ئەو کەسانەی لەو ناوچانە ئاوارەبوون کە جاران لە ژێر دەستی داعشدا بوون.

6 تورکیا و ئەمەریکا ڕێکەوتوون کە شەڕی دژە تێرۆر دەبێت تەنها تێرۆرستان و شوێن و حەشارگەکانیان و چەک و کەلوپەلەکانیان بکاتە ئامانج.

7 لایەنی تورکی پابەندی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی مسۆگەربکرێت هەموو دانیشتووانی ناوچەی ئارام بپارێزرێن کە لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە کۆنترۆڵ دەکرێن، وە جەختی کردووەتەوە کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاوەکو خەڵکی سیڤیل و ژێرخانی سیڤیلی ناوچەکە بپـارێزێن.

8 هەردوو وڵات جارێکی دیکە بەڵێنی خۆیان دایەوە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سوریا و بەڕێوەچوونی پـرۆسەی سیاسی بە ڕێبەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئامانج لێی کۆتایی‌هێنان بە شەڕی سوریا بەپـێی بڕیاری SCR2254 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

9 هەردوو لایەن ڕازیبوون لەسەر گرنگی و کاریگەری ناوچەیەکی ئارام بۆ نەهێشتنی نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە نشتیمانیـیەکانی تورکیا، لەوانە گواستنەوەی چەکە قورسەکانی یەپەگە و تێکدانی سەنگەر و بنکەکانیان.

10 ناوچەی ئارام بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکیاوە، وە هەردوولا پەرە بە هاوکاریـیان دەدەن لە هەموو بوارەکاندا تاوەکو ئەمە جێبەجێی بکرێت.

11 لایەنی تورکی ئۆپەراسیۆنی"کانی ئاشتی" ڕادەگرێت تاوەکو ڕێگە بە هێزەکانی یەپەگە بدات لە ماوەی 120 کاتژمێر لە ناوچەی ئارام بکێشنەوە. لە پاش تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" دێت.

12 هەر کات ئۆپەراسیۆنی " کانی ئاشتی" ڕاگیرا، ئەمەریکا ڕازی دەبێت سزای زیاتر بەسەر تورکیا نەسەپـێنرێت بەپـێی فەرمانی سەرۆکایەتی کە لە 14 ی مانگی دەی 2019 دەرچووە. بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا لەگەڵ کۆنگرێس کاردەکات بۆ تاووتوێکردنی هەنگاوە ئەرێنیـیەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش لە سوریا بەپێی بڕیاری ژمارە SCR2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

کاتێک ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" کۆتایی پـێهات وەک ئەوەی لە خاڵی ژمارە یازدەدا هاتووە، سزا سەپـێندراوەکانی سەر تورکیا هەڵدەگیرێن.

هەردوولایەن بەڵێنیان داوە پـێکەوە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئامانجەکان کە لەم ڕاگەیاندنەدا هاتوون.

XS
SM
MD
LG