Accessibility links

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا: سەرۆک ترامپ بەنیازە مۆڵەت بدات سزا بەسەر تورکیا بسەپـێنن


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت بەهۆی بەردەوامبوونی هێرشی لەشکری تورکیا بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەرۆک ترامپ بە نیازە فەرمان بە وەزارەتەکەیان بدات دەستبکەن بە ئامادەکردنی سزاکان تاوەکو بسەپـێنرێن بەسەر تورکیادا.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی سەرۆک ترامپ لەوەدایە فەرمانەکە بدات تاوەکو ڕێگەبگیرێت لەوەی تورکیا هێرشی دیکە بکاتە سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەوانە بە ئامانجکردنی خەڵکی سیڤیل و لێدانی ژێرخانی شارەکان و بە ئامانجکردنی کەمینە ئاینی و نەژادیـیەکان یان هەر جۆرە هێرشێکی دیکە کە کاریگەری خراپیان هەبێت بەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شەڕی دژە تێرۆرزمدا. لەگەڵ ئەوانەشدا نابێت تورکیا ڕێگە بە یەک دەستگیرکراوی داعش بدات هەڵبێت.

فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ مۆڵەت بە ستیفن مەنوخن وەزیری خەزێنە دەدات بە ڕاوێژکردن لەگەڵ مایک پەمپـێیو وەزیری دەرەوە ئەو کاربەدەست و دەزگایانەی حکومەتی تورکیا دەستنیشانبکەن کە مافەکانی مرۆڤیان پـێشێلکردووە یان بوونەتە تێکدانی ئاسایش و ئارامی.

ستیفن مەنوخن ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی سزاکان زۆر توند دەبن، بۆیە هیوادارین ناچار نەبین بیانسەپـێنین. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەمەریکا دەتوانێت ئابوری تورکیا ئیفلیج بکات.

XS
SM
MD
LG