Accessibility links

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا: شیانی هەیە پـێدانی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا ڕابگیرێت


گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری تورکیا و یەکێتی ئەوروپا دەڵێت مەسەلەی ڕاگرتنی پـێدانی فڕۆکەی جۆری F-35 بە تورکیا شیانی هەیە ڕووبدات.

ئێرک پاهۆن ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەلحوڕە گوتی پەیامی وەزارەتی بەرگری بۆ ئەنکەرە ئەوەیە بەرنامە چەکسازیـیەکانی فڕۆکەی F-35 لەگەڵ بەرنامەکانی سیستەمی نەیارێکی ستراتیژی تێکەڵ ناکات. ئەمەش مەبەستی سیستەمی بەرگری موشەکی ڕووسیایی جۆری S-400 ، ئەوەی تورکیا دەڵێت چەند مانگێکی دیکە لە ڕووسیای وەردەگرێت.

ئەمەریکا دەیەوێت تورکیا قایل بکات لە بری S-400 سیستەمی بەرگری موشەکی ئەمەریکایی جۆری پاتریۆت بکڕێت، بەڵام تورکیا دەڵێت لە کڕینی S-400 پاشگەزنابێتەوە، هەرچەندە ئامادەیە بەپـێی مەرجی گونجاو سیستەمی پاتریۆتیش بکڕێت.

شارەزایانی تەکنیکی لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێن مەترسیـیان هەیە، لە ئەنجامی بەستنی سیستەمی بەرگری موشەکی ڕووسیایی بە سیستەمەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆوە زانیاری تەکنیکی چەکەکانی ئەمەریکا بۆ ڕووسیا دزەبکەن.

هاوکات کاربەدەستێکی دیکەی باڵا لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ئەلحوڕەی گوت ناکۆکیـیەکان لەگەڵ ئەنکەرە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، لەوانە لەسەر مەسەلەی کوردەکان لە باکوری سوریا و پەیوەندیـیەکانی ئەنکەرە لەگەڵ تاراندا.

XS
SM
MD
LG