Accessibility links

دادگایەکی تورکیا تۆمەتی سیخوڕی ئاڕاستەی کارمەندێکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئستەنبوڵ دەکات


کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئستەنبوڵ
کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئستەنبوڵ

دادگایەکی تورکیا بە فەرمی کارمەندێکی تورکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئستەنبوڵی تۆمەتبارکرد بە سیخوڕی و هەوڵی کودەتا بەسەر حکومەتدا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی تورکیا ڕایگەیاند دادگای ئستەنبوڵ ئەمڕۆ هەینی سکاڵانامەیەکی فەرمی لە دژی مەتین تۆپـوز پەسەندکرد کە تاوانبارە بە کاری سیخوڕی و پەیوەندی بە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن، ئەوەی ئەنکەرە بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 تاوانباری دەکات.

داواکاری گشتی تورکیا داوای سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ مەتین تۆپـوز کردووە کە لە مانگی نۆی ساڵی 2017 وە دەستگیرکراوە. ناوبراو لە کونسوڵخانەکە بەرپـرسبوو لە پەیوەندیـیەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و یەکەی نەهێشتنی قاچاغی ماددە هۆشبەرەکان لە پـۆلیسی تورکیا.

دەستگیرکردنەکەی بووە مایەی کێشەیەکی دیپـلۆماسی لە نێوان ئەنکەرە و واشنتن و بەهۆیەوە کۆمەڵێک پـێدانی ڤیزە لە نێوان هەردوو وڵات ڕاگیران.

بڕیارە لە 26 ی مانگی سێ دادگاییکردنەکەی دەستپـێبکات و دانیشتنەکانی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ درێژە بکێشن.

ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگا ڕۆژێک پاش ئەوە هات کە کارمەندێکی پـێشووی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئەدەنە بە تاوانکار دانرا.

دادگای شاری ماردین دوێنێ پـێنجشەممە بڕیاری دا حەمزە ئولوچای ماوەی 4 ساڵ و نیو سزای زیندانی بدرێت بە تۆمەتی یارمەتیدانی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵام دادگا بڕیاری ئازادکردنی دا بەو پـێـیەی لە مانگی سێی ساڵی 2017 وە دەستگیرکرابوو.

XS
SM
MD
LG