Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا تورکەکەی ئەنجام دەدات


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی تورکیا دەڵێت بەپـێی سەرچاوە دیپـلۆماسیـیەکانی وڵاتەکەی ئەمڕۆ سێشەممە مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەولود چاوش‌ئۆغڵو هاوتا تورکەکەی ئەنجامداوە.

سەرچاوەکان گوتویانە پەیوەندیـیەکە لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بووە، بەڵام باسیان لەوە نەکردووە تەوەری پەیوەندیـیەکە چی بووە.

هاوکات جەیمس جێفری نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا ئەمڕۆ لە ئەنکەرە لەگەڵ خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا کۆبووەوە. بەپـێی میدیاکانی تورکیا باس لە بابەتەکانی پەیوەست بە سوریا کراون، لەوانە ناڕەزایی تورکیا لە بەرامبەر بوونی هێزەکانی یەپەگە.

دوێنێ دووشەممەش جەیمس جێفری لە عەممانی پایتەختی ئوردن لەگەڵ ئەیمەن ئەلسەفەدی وەزیری دەرەوەی ئوردن کۆبووەوە و بەپـێی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە تەوەری باسەکانیان گرفتی پەنابەرانی سوریا و دواپـێشهاتەکانی پەیوەست بە پارێزگای ئیدلیبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا بووە.

ئەم پەیوەندی و سەردانانە لە کاتێکدایە حکومەتی سوریا بە یارمەتی ئێران و ڕووسیا هەوڵ دەدات هێرشێکی فراوان بکاتە سەر پارێزگای ئیدلیب کە دوایـین بنکەی سەرەکی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی لێـیە، لەوانەی پەیوەندیـیەکی باشیان لەگەڵ تورکیا هەیە.

XS
SM
MD
LG