Accessibility links

جەنەڕاڵێکی باڵای ئەمەریکا سەردانی تورکیا دەکات


فەرماندەی گشتی هێزەکانی لەشکری ئەمەریکا لە ئەوروپا ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا دەبێت بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدەستانی لەشکری ئەو وڵاتە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی تورکیا لە زاری کاربەدەستانی تورکیاوە بڵاویکردووەتەوە کە گوتویانە لەگەڵ جەنەڕاڵ کورتیس سکاپارۆتی وتووێژ لە بارەی ڕەوشی باکوری سوریا دەکەن، بە تایبەتی لەسەر مەنبج و بوونی هێزەکانی یەپەگە لە ناوچەکە.

فەرماندەیەتی لەشکری ئەمەریکا لە ئەوروپا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"فەرماندەی لەشکری ئەمەریکا لە ئەوروپا جەنەڕاڵ کورتیس سکاپارۆتی لەم هەفتەیە لە ئەنکەرەی تورکیا چاوی بە هاوتا تورکەکانی دەکەوێت بە مەبەستی وتووێژکردن لە بارەی کۆمەڵێک بابەتی بەرگری جیاجیا، وە هاوکات جەخت دەکرێتەوە سەر ئەو پەیوەندیـیە بەهێزەی نێوان ئەمەریکا و تورکیا هەیە."

پاشان نووسیویەتی" دوابەدوای کۆبوونەوەکانی لە ئەنکەرە، سەردانی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئنچەرلیک دەکات و بەشداری لە مەراسیمی گۆڕینی فەرماندەیەتی هێزی پـیادەی ناتۆ لە ئزمیر دەکات وەک فەرماندەی گشتی هێزەکانی ناتۆ لە ئەوروپا."

سەردانی ئەم جەنەڕاڵە باڵایەی ئەمەریکا بۆ تورکیا لە کاتێکدا پەیوەندیـیەکانی نێوان واشنتن و ئەنکەرە ڕوویان لە گرژی کردووە لەسەر قەشە ئەندرۆ برەنسن کە نزیکەی 2 ساڵە لە تورکیا دەسـتگیرکراوە بە تۆمەتی سیخوڕی و پشتیوانیکردن لە فەتحوڵڵا گولەن و پارتی کرێکارانی کوردستان.

سەرۆک ترامپ و جێگرەکەی مایک پـێنس هەفتەی ڕابردوو ئەنکەرەیان ئاگادارکردەوە لەوەی ئەگەربێت و قەشە ئەندرۆ ئازاد نەکات، ئەوا سزای توند بەسەر ئەنکەرە دەسەپێنن.

XS
SM
MD
LG