وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت مەسەلەی شاری مەنبجی سوریا کە لە ئێستادا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتە خاڵێکی وەرچەرخان دەبێت لە پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و واشنتن.
ئاژانسی دەنگوباسی ئانادۆڵو ئەمڕۆ دووشەممە لە زاری مەولود چاوش ئۆغڵو بڵاویکردەوە کە گوتویەتی لە میانەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن باسی مەسەلەی مەنبج دەکات کە دەبێت هێزەکانی یەپەگە لێی بچنە دەرێ وە ئەم بابەتە ئاڕاستەی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستنیشان دەکات. گوتیشی مەسەلەی یارمەتی و پـشـتیوانی یەپەگە گەورەترین ناکۆکی نێوان تورکیا و ئەمەریکایە.
هەروەها گوتویەتی ئەنکەرە لە دژی دابەشکردنی سوریایە و خوازیارە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە بدۆزرێتەوە.
سەبارەت بە ناکۆکی نێوان ئەنکەرە و واشنتن لەسەر کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 لە ڕووسیا، ئۆغڵو گوتی پـێشـتر داوایان لە ئەمەریکا کردبوو سیستەمێکی هاوشێوەیان پـێبفرۆشێت بەڵام داواکەیان ڕەتکراوەتەوە، بۆیە ئەنکەرەش ڕووی لە ڕووسیا کرد.
جێی ئاماژەیە مەولود چاوش ئۆغڵو کە بە سەردانێکی دوو ڕۆژی لە واشنتنە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ مایک پەمپـیۆ کۆببێتەوە.