Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: واشنتن و ئەنکەرە هەمان ئامانجی هاوبەشیان لە سوریا هەیە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت واشنتن و ئەنکەرە هەمان ئامانجی هاوبەشیان لە سوریا هەیە، ئەویش شکستهێنان بە داعش و گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لەسەر بنەمای وتووێژەکانی جنێڤ بۆ ئەو شەڕەی لە ساڵی 2011 وە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.

ڕێکس تیلەرسن ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە ئەنکەرە لەگەڵ مەولود چاوش‌ئۆغڵو، داواشی لە تورکیا کرد لە ئۆپەراسیۆنی لەشکری سەر عەفرین پـشوودرێژبێت و ژیانی خەڵکی سیڤیل بپارێزێت. جەختی لەوەش کرد ئەو چەکانەی ئەمەریکا بە هێزە کوردیـیەکانی داوە بڕێکی کەمە و لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش بووە.

سەبارەت بە پـرسی مەنبج، تیلەرسن گوتی واشنتن لە نیگەرانیـیەکانی ئەنکەرە تێدەگات، بۆیە ئەم پـرسە بابەتی سەرەکی تاووتوێکردن دەبێت لە لایەن ئەو تیمە هاوبەشانەی پـێکدەهێنرێن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەروەها هەماهەنگی نێوان هەردوولا لە سوریا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا کاردەکات بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی مەنبج لە نێو دەستی هێزی هاوپەیمانی واشنتن دەمێنێتەوە و چیتر داعشی بۆ ناگەڕێتەوە. گوتیشی لەمەبەدوا هەردوولا بە تەنیا هەنگاو نانێن و ئێدی پـێکەوە کاردەکەن.

وەزیر دەرەوەی تورکیا لای خۆیەوە گوتی پـێشتر واشنتن زۆر بەڵێنی بە ئەنکەرە دابوو، بەڵام هیچ کامیان نەهاتنە دی، بۆیە لە ئێستادا چاو لە کردارەکان دەکەن نەک بەڵێنەکان.

لە بارەی هێرشی سەر عەفرین، چاوش‌ئۆغڵو گوتی ئۆپەراسیۆنەکەیان بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیایە و هەروەها پاراستنی هاوڵاتیانی تورکیایە لە هێرشی گروپە تێرۆرستیـیەکان.

جەختی لەوەش کرد کە دەبێت هێزە کوردیـیەکان لە مەنبج بکشێنەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، بەو پـێـیەی زۆربەی دانیشتوانی ئەو شارە لە نەتەوەی عەرەبن.

جێی ئاماژەیە شەوی پـێنجشەممە تیلەرسن بۆ ماوەی زیاتر لە 3 کاژمێر لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە و بەپـێی سەرچاوە ئەمەریکایـیەکان چاوش‌ئۆغڵو لە دەرەوەی پـرۆتۆکۆلی دیپـلۆماسی خۆی کاری وەرگێڕی لە نێوان تیلەرسن و ئەردۆغان کردبوو.

XS
SM
MD
LG