Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت پەیوەندیـیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتووەتە خاڵێکی ئێجگار هەستیارەوە


وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت پەیوەندیـیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتووەتە خاڵێکی ئێجگار هەستیار کە ئیدی بە لایەکدا بەکەوێت.

ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی تایبەت بە پەیوەندیـیەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ئەفریکا لە ئستەنبوڵ، مەولود چاوش‌ئۆغڵو وتارێکی پـێشکەش کرد و تیایدا گوتی " پەیوەندیـیەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتووەتە خاڵێکی ئێجگار هەستیار، یان ئەوەتا ڕاستدەکرێتەوە یانیش بە تەواوی خراپ دەبێت."

گوتیشی ئەمەریکا بە ناوی شەڕی داعشەوە دەیەوێت بەردەوامی بە کۆمەککردنی یەپەگە بدات، دەڵێت بۆیە لە ئێستادا ئەمەریکا و یەپەگە ناچن بە لای ئەو شوێنانەی داعشیان لێماوە.

لە لایەکی دیکە مستەفا تونا سەرۆکی شارەوانی ئەنکەرە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی داوکاریـیەکیان بۆ ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەیان ئامادەکردووە بە مەبەستی گۆڕینی ناوی جادەی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە "جادەی نەوزاد تاندۆغان" بۆ "جادەی چڵە زەیتون. " گوتیشی بڕیارە ئەمشەو ئەنجومەنی شارەوانی دەنگی لەسەر بدات.

نەوزاد تاندۆغان فەرمانڕەوای ئەنکەرە بوو لە نێوان ساڵانی 1929 بۆ 1946.

ئەم لێدوان و هەڵوێستانەی کاربەدەستانی تورکیا بەر لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئەنکەرە دێت. بڕیارە لە ڕۆژانی پـێنجشەممە و هەینی تیلەرسن لەگەڵ چاوش‌ئۆغڵو و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆببێتەوە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پـرێس، فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG