Accessibility links

تێڵەرسن ستایشی گەلی تورکیا دەکات و باس لە سەرکوتکردنەکان ناکات

  • VOA News

وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵیادی کودەتا سەرنەگرتووەکەی تورکیادا ستایشی ئازایەتی گەلی تورکیا کرد لەو داکۆکییەی لە دیموکراسییان کردووە، بەڵام باسی لە هەڵمەتی سەرکوتکردنەکان نەکرد کە حکومەتی تورکیا پاش هەوڵی کودەتاکە دەستیپێکردووە.

ڕیکس تێڵەرسن لە لێدوانەکانیدا لە کۆنفرانسی نەوت لە ئەستانبوڵ وەک ئاماژەیەک بە کودەتاکەی پازدەی مانگی حەوتی ساڵی پار وتی لەو ڕۆژەدا گەلی تورکیا مافی خۆیان پیادەکرد لەژێر سایەی دەستوری وڵاتەکەدا و داکۆکییان لە پێگەی خۆیان کرد و دەشڵێت قوربانیانی ئەو ڕووداوە یاد دەکرێنەوە بە کوژراو و برینداریشەوە.

ئەو هەوڵی کودەتایە شکستی هێنا کاتێک هەزاران تورک ڕژانە سەر شەقامەکان وەک بەدەنگەوە چوونی داوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەوڵەی بۆ لادانی درا.

ژمارەیەکی گەورەی کاربەدەست و ئەفسەری لەشکریی هەوڵی ئەو کودەتایەیان دا.

زیاتر لە 240 کەس کە زۆربەیان خەڵکی سیڤیل بوون لە شەوی کودەتاکەدا کوژران.

لەوەتای مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە سەد هەزار کەس لە کارەکانیان دەرکراون یانیش دوورخراونەتەوە، ئەمە بێ لەوەی حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر لە 40 هەزار کەسیشی بە تاوانی جۆراوجۆر دەستگیرکردووە.

حکومەتی تورکیا پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتەکەدا کردووە بە هۆکار بۆ ڕەواییدان بەو هەنگاوە ئاسایشیانەی گرتونیەتەبەر .

XS
SM
MD
LG