Accessibility links

تورکیا دەڵێت ئەمەریکا بەڵێنی داوە چەکەکانی بە یەپەگەی داون لە دوای شەڕی داعش وەریانبگرێتەوە

  • VOA News

تورکیا دەڵێت وەزیری بەرگری ئەمەریکا گوتویەتی ئەو چەکانەی بە هێزەکانی یەپەگەیان داوە بۆ شەڕی دژی داعش، لە پاش تەواوبوونی شەڕەکە لێـیان دەسێنـنەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی فەرمی تورکیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە ڕایگەیاند چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری لە ئەنکەرەگوتوویانە جەیمس ماتس وەزیری بەرگری ئەمەریکا نامەیەکی بۆ فکری ئیشق هاوتا تورکەکەی ناردووە و تیایدا زانیاری داوە لە بارەی ئەو چەکانەی ئەمەریکا بە یەپەگەی داون کە هەر هەموویان تۆمارکراون و وێنەیان گیراون و نووسیویەتی لە پاش شکستهێنان بە داعش چەکەکان وەردەگرنەوە.

دەشڵێن جەختی لەوەش کردووە مانگانە لیستی ئەو چەکانەی بە یەپەگەی دەدەن ڕادەستی تورکیای دەکەن و ئەو ڕاوێژکارە لەشکریـیانەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا هەن بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی ئەو چەکانەیە لە ناو سوریا. پاشان گوتوشیەتی ئەو هێزە خۆجێـیانەی لە ڕەققە شەڕی داعش دەکەن 80% لە نەتەوەی عەرەبن.

ئاژانسەکە دەشڵێت سەرچاوەکان گوتوشیانە وەزیری بەرگری ئەمەریکا باسی لەوەش کردووە پەیوەندیـیەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات تەکتیکین، بەڵام ئەوانەی لەگەڵ تورکیادت هەیەتی ستراتیژین و زۆر لە شەڕی داعش گەورەترن.

ئەم ڕاگەیاندنەی تورکیا لە کاتێـکدایە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات پـێشڕەوی باشیان کردووە بۆ ناو شاری ڕەققە لە ماوەیەکی کورتدا و هەروەها نزیکبوونەتەوە لەوەی شارەکە بە تەواوی گەمارۆ بدەن.

XS
SM
MD
LG