کاربەدەستێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی ژمارەیەکی زۆر کەمی سەربازی لە ناوچەکانی باکوری سوریا لەسەر سنووری تورکیا گواستووەتەوە.
ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس دەڵێت کاربەدەستەکە گوتویەتی تەنیا پاشەکشە بە دوو مەفرەزە کراوە، واتە ژمارەیان لە 25 سەرباز کەمترە و ئەوانیش زۆر کەم دورخراونەتەوە.
کاربەدەستەکەی وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە سەرۆک ترامپ بە ڕوونی بە سەرۆکی تورکیای گوتووە ئەمەریکا پشتیوانی لە هیچ هێرشێکی ئەنکەرە بۆ سەر هێزە کوردیـیەکانی سوریا ناکات وە وەزارەتی بەرگریش ئەمەی پشت ڕاستکردووەتەوە.
گوتوشیەتی"پـێمان وایە ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرە شتێکی زۆر خراپ دەبێت و نابێتە مایەی ئارامی."
ئاماژەی بۆ ئەوە کرد جگە لەو کشانەوە بچوکە، هیچ گۆڕانکاریـیەکی دیکە بەسەر هێزەکانی ئەمەریکا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا نەهاتووە.