Accessibility links

جەنەراڵێـکی ئەمەریکا: لە پلانماندا نیـیە لە مەنبجی سوریا بکشێینەوە


سەرۆکی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی هیچ پـلانی نیـیە بۆ کشانەوەی ئەو هێزانەی کە لە نزیک شارۆچکەی مەنبجی باکوری سوریا جێگیری کردوون.

جەنەڕاڵ جوزێف ڤۆتێل شەوی یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی CNN ی ئەمەریکا گوتی پـرسی کشانەوەی هێزەکانمان لە مەنبج"شتێک نیـیە بمانەوێت."

پـێشتر تورکیا داوای لە ئەمەریکا کرد هێزەکانی لە نزیک شاری مەنبج بکشێنێتەوە تاوەکو لە کاتی هێرشیان بۆ سەر هێزە کوردیـیەکان لەو ناوچەیە لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەدوربن.

لە لایەکی دیکە بەکر بۆزداغ جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا کە بۆخۆشی گوتەبێژی حکومەتە، ئەمڕۆ دووشەممە لە وتارێکدا داوای لە ئەمەریکا کرد دەستبەجێ چەکەکانی لە هێزە کوردیـیەکان بسەنێتەوە و چیتر جارێکی دیکە پـڕچەکیان نەکاتەوە.

جەختی لەوەش کرد ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەیان بەردەوام دەبێت هەتا ئامانجەکانیان بەدی‌دەهێنن و بە گوتەی خۆی "هەتا دوایـین تێرۆرست لە ناوچەکە لەناودەبەن."

هەفتەی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا گوتی لە پاش عەفرین درێژە بە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەیان دەدەن بە ئاڕاستەی مەنبج و ناوچەکانی دیکەی باکوری سوریا هەتا دەگەنە سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق.

XS
SM
MD
LG