Accessibility links

بەرپرسانی ئەمەریکی: واشنتن هێشتا بیر لە سەپاندنی سزا دەکاتەوە بەسەر تورکیادا


بەرپرسانی ئەمەریکی بە ڕۆیتەرزیان وت بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هێشتا پلان دادەنێت بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا و دەرکردنی ئەو وڵاتە لە پڕۆگرامی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 دا ، ئەمەش ئەگەر تورکیا سیستمی بەرگری موشەکی ڕوسی ئێس 400 ی دەست بکەوێت.

ئەردۆگان دوای چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ سەرۆک دانۆڵد ترامپدا لە ژاپۆن وتی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی سزای ئەمەریکا نابێتەوە کاتێک سیستمە بەرگرییە موشەکییە ئێس 400 ە ڕوسییەکەیان لە ڕۆژانی داهاتوودا بەدەست دەگات.

سەرۆک ترامپ لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئەردۆگان وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی نەدایەوە کاتێک چەند جارێک لێیان پرسی ئایا ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر تورکیادا یاخود نا.

بەڵام بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان وت بەڕێوبەرایەتییەکە بەنیازە سزا بسەپێنێت بەسەر تورکیادا و لە پڕۆگرامی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 بیکاتە دەرەوە، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر سیستمی ئێس 400ی ڕوسیی وەربگرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " ئەمەریکا هەمیشە بەڕوونی جەختی لەوە کردۆتەوە ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لە کڕینی سیستمی ئێس 400 ئەوا ڕووبەڕووی سزای ڕاستەقینە و زۆر خراپ دەبێتەوە، لەوانەش ڕاگرتنی فرۆشی و بەشداریکردنی لە پڕۆگرامی ئێف 35 دا و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمەریکا سزای بەسەردا دەسەپێنرێت."

لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش کۆلۆنێڵ مایک ئاندروزی وتەبێژی هێزی ئاسمانی وتی " هیچ شتێک نەگۆڕاوە."

وتیشی " کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ڕوسی ئێس 400 لەلایەن تورکیاوە لەگەڵ پڕۆگرامی ئێف 35 دا یەک ناگرێتەوە، ڕێگە بە تورکیا نادەین هەردوو سیستمەکەی هەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG