Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: پێویست تورکیا دەستبەرداری سیستمە موشەکیە ڕوسییەکەی بێت ئەگەر نا ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ڕابەرت ئۆبراین وتی ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بەوەی تورکیا سیستمی بەرگری موشەکی ڕوسی کڕیوە و وتیشی ئەگەر ئەنقەرە دەستبەرداری ئەو سیستمە نەبێت ئەوا واشنتن سزای بەسەردا دەسەپێنێت.

ئۆبراین لە چاوپێکەوتنێکدا بە سی بی ئێسی وت " تورکیا هەست بە کاریگەری ئەم سزایانە دەکات." ئاماژەشی بەوەدا ئەو ڕێوشوێنانەی دژ بە تورکیا دەگیردرێنەبەر بەپێی یاسای ( ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمەریکا لەڕێی یاسای سزاکان )ەوە دەبێت و کۆنگرێسیش بەزۆرینەی دەنگ پەسەندی دەکات.

ئەم لێدوانەی ئۆبراین پێش سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دێت بۆ ئەمەریکا کە لە 13 ی ئەم مانگەدا دەگاتە واشنتن و لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا کۆدەبێتەوە.

جێی ئاماژەیە تورکیا و ئەمەریکا لە کۆمەڵێک بابەتدا ناکۆکن، یەکێک لەو بابەتانە کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ڕوسیی ئێس 400 یە لەلایەن تورکیاوە، ئەمەریکا دەڵێت ئەو سیستمە لەگەڵ سیستمە بەرگرییەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا یەک ناگرێتەوە و هەڕەشە دەبێت بۆ سەر فڕۆکە جەنگییە ئێف 35 ەکانی ئەمەریکا.

سەرەڕای هەڕەشەکانی ئەمەریکا، تورکیا لە مانگی حەوتەوە دەستی کردووە بە وەرگرتنی پارچەکانی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس 400 ی ڕوسی.

وەکو وەڵامێک بۆ ئەم هەنگاوەی تورکیا، واشنتن ئەنقەرەی لە پڕۆگرامی فڕۆکە جەنگییە ئێف 35 ەکانی ئەمەریکا دوورخستەوە کە تورکیا بەشدارە لە بەرهەمهێنانیدا و ئارەزووی کڕینیشی دەکات. بەڵام تا ئێستا ئەمەریکا هیچ سزایەکی بەسەر تورکیادا نەسەپاندووە.

ئۆبراین وتی " لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا هیچ جێگایەک نیە بۆ سیستمی ئێس 400. لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا هیچ جێگایەک نیە بۆ فرۆشیە سەربازییە گرنگەکانی ڕوسیا. سەرۆک ئەم پەیامە بە ڕوون و ئاشکرا بە ئەردۆگان ڕادەگەیەنێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG