بەرپرسی باڵای سزاکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هەفتەی داهاتوو لە سەردانێکیدا بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نیازە هۆشداری بداتە وڵاتان و کارەکان لەسەر ئەوەی ئەگەر مامەڵەی کار لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بکەن کە ئەمەریکا سزای بەسەردا سەپاندوون ئەوا دەکرێت دەستڕاگەیشتنیان بە بازاڕی ئەمەریکا لە دەست بدەن. ئەمەش لە هەوڵێکی واشنتندا بۆ سەرکوتکردنی هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ خۆدزینەوە لەو سزایانەی کە بەهۆی جەنگەکەیەوە لە ئۆکرانیا سەپێندراون بەسەریدا.
وتەبێژێکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزی وت جێگری وەزیری کاروباری هەواڵگری تیرۆر و دارایی ئەمەریکا بڕایان نیڵسن لە 29 ی مانگی یەکەوە تاوەکو 3 ی مانگی دوو سەردانی عومان و ئیماڕات و تورکیا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو حکومەتانە و خاوەن کارەکان و دامەزراوە داراییەکاندا کۆدەبێتەوە. ئەوەش بە مەبەستی جەخت کردنەوە لە خواستی ئەمەریکا بۆ بەردەوام بوونی لە جێبەجێکردنی سزاکانیدا.
وتەبێژەکە وتی " ئەو لایەن و دامەزراوانەی کە لە دەسەڵاتی دادوەری ڕێگەپێدراودا کاردەکەن، مەترسی ئەوەیان لەسەرە دەستڕاگەیشتنیان بە بازاڕەکانی ئەمەریکا لە دەست بدەن بەهۆی بازرگانیکردنیانەوە لەگەڵ ئەو لایەنانەدا کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە."
نیڵسن لە ماوەی گەشتەکەیدا بۆ ناوچەکە تاوتوێی هەوڵەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەکات بۆ سەرکوتکردنی هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان و ئەو قەدەغەکردنی هەناردەکردنەی کە بەهۆی جەنگە دڕندانەکەیەوە دژی ئۆکرانیا بەسەریدا سەپێندراوە، هەروەها باس لە چالاکییە تێکدەرەکانی ئێران لە ناوچەکە و مەترسی دارایی نایاسایی دەکات کە کاردەکاتە سەر گەشەی ئابووری و وەبەرهێنانی دەرەکی.
سەردانەکەی نیڵسن بۆ تورکیا بۆ تاوتوێکردنی سزاکان دوابەدوای ئەوە دێت ساڵی ڕابردوو بەرپرسانی وەزارەتی ئابووری و خەزێنەی ئەمەریکا چەندین جار هۆشدارییان داوە بە تورکیا دژی پێشێلکردنی سزاکان، لە کاتێکیشدایە کە ئەمەریکا فشارەکانی سەر ئەنکەرەی زیاد کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ئەو سزایانەی کە ئەمەریکا سەپاندوونی بەسەر ڕووسیادا.
سەردانەکە هاوکاتیشە لەگەڵ خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیادا، لە کاتێکدا کە دوو وڵاتەکەی ئەندام لە ناتۆ لەسەر چەندین بابەت ناکۆکن.
نوێترین ناکۆکیەکانی نێوان واشنتن و ئەنکەرە ڕەت کردنەوەی تورکیایە بۆ پەسەندکردنی داواکەی ئەندامێتی سوید و فینلەندایە بۆ ئەندامێتییان لە ناتۆدا، ئەوەش واشنتنی نیگەران کردووە. هاوکات ئەنکەرە نیگەران بووە سەبارەت بە داواکەی بۆ کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 16 ی ئەمەریکی، کە بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بەوەوە کە ئایا دوو وڵاتەکەی باکووری ئەوروپا دەتوانن ببنە ئەندام لە ناتۆدا یاخود نا.
بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی کۆمەڵێک سزای توندیی ئابوورییان بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە. تورکیا سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیای کردووە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە ئۆکرانیا فرۆشتووە. لە هەمان کاتیشدا دژایەتی سزاکانی ڕۆژئاوا دەکات دژی ڕووسیا و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیاشدا هەیە.
هاوکات بازرگانی و گەشتیاری لەگەڵ ڕووسیادا زیاد کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بەرپرسێکی باڵای خەزێنەی ئەمەریکا بە نیازە هۆشداری بدات بە ئیماڕات و تورکیا دژی پێشێلکردنی سزاکان
