Accessibility links

دوو سیناتۆری ئەمەریکایی پـشتیوانی خۆیان بۆ بڕیاری سزادانی تورکیا نیشان داوە


دوو ئەندامی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لە بەرامبەر پەسەندکردنی بڕیارێک لە دژی تورکیا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشەی دەیکاتە سەر باکوری سوریا.

سیناتۆر لیندزی گراهامی کۆماری لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی دیموکرات و کۆماریـیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران کارێکی نایابیانکرد، ئەویش پەسەندکردنی بڕیارێک بە دەنگی زۆربەی زۆری ئەندامانی ئەنجومەنەکە لە دژی لەشکرکێشی تورکیا.

هەروەها نووسیویەتی "تورکیا با چاک بزانێت ئەمەریکا لەلاوە دانانیشێت کاتێک ئەنکەرە کێشە بۆ ئێمە و هاوپەیمانانمان دروستدەکات... ئەردۆغان خۆی ئەم ئاژاوەیەی ناوەتەوە و پـێویستە خۆی چاکیبکاتەوە. کۆنگرێس سوورە لەسەر ئەوەی لە پاڵ کوردەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات بێت لە دژی هێرشی دوژمنکارانەی تورکیا."

گوتیشی ئامادەن لە ئەنجومەنی سینات هەمان بڕیار تاووتوێ بکەن.

هاوکات سیناتۆر کرێس ڤان هاڵنی دیموکرات ئەویش لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی "ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەران پەیامێکە، ئەویش کۆنگرێس دەستەوەستان ناوەستێت کاتێک تورکیا و بەکرێگیراوەکانی پەلاماری هاوپەیمانە کوردە سوریایـیەکانمان دەدەن و داعش زیندوودەکەنەوە."

دەڵێت دەبێت ئەنجومەنی سینات بڕیاربدات چونکە ژیانی هاوپەیمانە کوردەکانیان و ئاسایشی ئەمەریکا لە مەترسیدایە.

پاشان دەستخۆشی لە بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی ئەرمەنەکان کرد و گوتی هەنگاوی یەکەمە بە ئاڕاستەی دووبارنەبوونەوەی.

XS
SM
MD
LG