Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە بڕیاری ئاگربەستی سوریا عەفرینیش دەگرێتەوە


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە ئاگربەستی سوریا، ئەوەی ڕۆژی شەممە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکرا، عەفرینیش دەگرێتەوە.

هێذەر ناوەرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوێنێ سێشەممە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکەی داوای لە کاربەدەستانی تورکیا کرد دەقی بڕیارەکە بخوێنەوە کە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات تەواوی سوریا دەگرێتە جگە لەو گروپە تێرۆرستیـیانەی ئەنجومەنی ئاسایش دەستنیشانیکردوون.

ئەمەش دەقی ئەو پـرسیار و وەڵامانەیە کە لە بارەی ئاگربەستی سوریا و لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە میانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکە باسکران:

پـرسیار: ئەو ئاگربەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەری قایلبووە، ئەمەریکا چۆن لێی تێدەگات لە بارەی چ بەشێک یان کام بەشانە لە سوریا دەگرێتەوە؟

هێذەر ناوەرت: با لە بارەیەوە پـێت بڵێم کە کۆپـیـیەکیم لەبەردەستدایە و دەتوانم بەشێکی بخوێنمەوە. ئاگربەستەکە کە 15 دەوڵەتی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ لەسەری قایلبوون بەپـێی داواکانی ئاگربەست لە سەرانسەری سوریا. هەندێک ناگرێتەوە، بەرەی نوسرە، قاعیدە و هەروەها داعش، بۆیە دەکرێت ئەم گروپانە لە لایەن هاوپەیمانانەوە و لایەنی دیکە بکرێنە ئامانج. جگە لەمە ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر ئاگربەستەکە قایلبووە. ئەمە ڕۆژی شەممە بوو، کاتێکی زۆری ویست هەتا ئاگربەستەکە چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. چەند جارێک داوای ئەوەمان کردبوو وەک چەندان وڵاتی دیکە.

دەمەوێت ئاماژە بە هەندێک لەو وڵاتانە بکەم کە لەگەڵ ئاگربەستەکەدان، چین، فەڕەنسا، ڕووسیا، بەریتانیا، ئەمەریکا، بۆلیڤیا، کۆتدیڤوار، گینیای ئیستوایی، ئەثیوپـیا، کازاخستان، کوەیت، هۆڵەندا، پـیرۆ، پـۆڵەندا، سوید. هەموو ئەم وڵاتانە پـێکەوە کۆکبوون لەسەر ئاگربەستێک لە سوریا. یۆچی ئەوە دەکەن؟ ئێمە سەیر دەکەین بزانین چی دەبێت. ڕۆژی پـێنجشەممە گوتیشم ئەو هێرشە تۆقێنەرانەی کراونەتە سەر خەڵکی سیڤیل لە غوتەی ڕۆژهەڵات هیچ جیاواز نیـیە لەوەی ساڵی ڕابردوو لە حەلەب ڕوویدا.

ئاماژە بۆ ئەوە دەکەم، هەرچەندە ڕووسیا پشتیوانی لە ئاگربەستەکە دەکات، بەڵام بێگومان پابەندی نابێت. ئەوان پابەندی ئاگربەستەکە نابن چونکە بەردەوامن لە پشتیوانیکردن لە حکومەتی بەشار ئەسەد. ئەوە جێی داخە. سەرئەنجام دەبینین خەڵکی سیڤیلی بێ تاوان دەبنە قوربانی و هەمووتان ڤیدیۆکەتان بینی، زۆرێک لە ئێوە باوک و دایکن دەبینن منداڵان چۆن دەناڵێنن و گیانیان لەدەست‌دەدەن. هەموو جیهان کۆکبوون و گوتیان دەبێت ئەمە بوەستێت. گاڵتەجاڕیـیە کاتێک ڕووسیا داوای ڕێگایەکی مرۆیی دەکات، ناوچەیەکی مرۆیی. تۆ دەزانیت ناوچەی مرۆیی چیـیە؟ تەواوی سوریایە نەک تەنیا ناوچەیەکی بچوک کە ڕووسیا هەوڵ بدات دەستنیشانی بکات. بۆیە دەبێت تەواوی وڵاتەکە بگرێتەوە، چونکە ئەوەیە کە ڕووسیا و هەموو وڵاتەکانی دیکە لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەری ڕێکەوتن.

پـرسیار: گوتت تەواوی سوریا، ئایا لەگەڵ ئەوەدایت ناوچەی عەفرین لە ناو سوریادایە؟

هێذەر ناوەرت: بەڵێ، ئەگەر بڕواننە نەخشەیەک، ئەوا بێگومان لە ناو سوریایە، بەڵێ.

پـرسیار: کەوابوو کە تورکیا دەڵێت وابەستە نیـیە بە ئاگربەستەکە و ئازادە لەوەی بەردەوامبێت لە لێدانی کوردەکان لەوێ، تۆ لەگەڵ ئەوەدایت تورکیا ئاگربەستەکەی پـێشێلکردبێت؟

هێذەر ناوەرت: هانی تورکیا دەدەم جارێکی دیکە بڕیارەکە بخوێنێتەوە، ئەوەی ڕۆژی شەممە بە کۆی دەنگ پەسەندکرا. ئێستا بەشێکی دەخوێنمەوە نەک هەمووی،" داوا لە هەموو لایەنەکان دەکرێت بەبێ دواکەوتن شەڕ ڕابگرن و دەستبەجی کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی تەواو و گشتی ئەم داوایە بۆ کاری مرۆیی بۆ ماوەی بە لایەنی کەم 30 ڕۆژ لەسەر یەک لە تەواوی سوریا، ئەمەش لە پـێناو گەیاندنی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان و پـێداویستیـیە پـزیشکیـیەکان و گواستنەوەی بریندار و نەخۆشەکان بە شێوەیەکی سەلامەت بەبێ هیچ کۆسپـێک، لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی."

بوەستە با ئەم خاڵەش بخوێنمەوە." جەخت لەوە دەکرێتەوە ڕاگرتنی شەڕ ئەو ئۆپەراسیۆنانە ناگرێتەوە کە ئەنجام دەدرێن لە دژی داعش و قاعیدە و بەرەی نوسرە و هەموو کەس و گروپەکانی سەر بە قاعیدە و داعش و گروپە تێرۆرستیـیەکانی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایش دەسـتنیشانیکردوون. " بۆیە پـێموایە بڕیارەکە لێرەدا ڕوونی کردووەتەوە کام گروپانە ئاگربەستەکە نایانگرێتەوە.

پـرسیار: باشە ئەگەر هاوپەیمانێکی ناتۆمان سووکایەتی بەم ئاگربەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، ئیدی بۆچی دەبێت ڕووسیا زیاتر لە تورکیا وابەستەی ببێت؟

هێذەر ناوەرت: ڕووسیا پـێش هەموو شتێک خۆی واژویکردووە. ڕووسیا واژویکردووە وەک وڵاتێک کە لەسەر ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان قایلە. با بیریشتانبهێنمەوە ڕووسیا چەند ساڵێک لەمەوبەر قایلبوو لەسەر یارمەتیدانی سوریا لە نەهێشتنی چەکە کیمیایـیەکانی. ڕووسیا لەمەدا شکستی‌هێنا. دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوەش بکەم زۆر دەستخۆشی لە تورکیا دەکەم ئەگەر بچێت جارێکی دیکە بە وردی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بخوێنێتەوە. پـێشنیار دەکەم ئەم کارە بکات. باشە؟

پـرسیار: تورکیا هان دەدەێت بە جۆرە ئاگربەستێک لە عەفرین بگات؟

هێذەر ناوەرت: هانی تورکیا دەدەم بچێت بڕیارەکە بخوێنێتەوە، بزانن جیهان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە چی دەڵێن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت ئاگربەستی سوریا عەفرینیش دەگرێتەوە
please wait

No media source currently available

0:00 0:04:45 0:00

XS
SM
MD
LG