Accessibility links

ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بەوەی تورکیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئیسیوپیا دەفرۆشێت


بەرپرسانی ئەمەریکا نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە فرۆشتنی فڕۆکەی بیفڕۆکەوانی چەکدار لەلایەن تورکیاوە بە ئیسیوپیا، دوو سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەشەوە وتیان بەڵگەی تەواو هەن لەسەر ئەوەی حکومەتی ئیسیوپیا ئەو فڕۆکانەی دژی هێزەکانی تیگرای بەکارهێناوە.

بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاوا وتی " ئەمەریکا نیگەرانییەکی زۆری هەیە سەبارەت بەو قەیرانە مرۆییانەی کە بەهۆی فرۆشتنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەوە دروست دەبێت." ئەمەریکاش ڕەوانەکردنی چەکی بۆ ئادیس ئابابای پایتەختی ئیسیوپیا قەدەغەکردووە، ئەم کارەی تورکیاش پێدەچێت پێشێلکردنی کۆتوبەندەکانی ئەمەریکا بێت.

ماوەی ساڵێکە هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیا دژی هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای دەجەنگن، شەڕ و پێکدادانەکانیش بوونەتە هۆی کوژرانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و ملیۆنان کەسیشی ئاوارە کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفریقا جێفری فێڵتمان " لەمیانەی سەردانەکەی هەفتەی ڕابردوویدا بۆ تورکیا باسی لە هەواڵەکانی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووە لە ئیسیوپیا و مەترسییەکانی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی."

تورکیا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە کۆمەڵێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا دەفرۆشێت، ڕەخنەکانی ڕەت کردۆتەوە سەبارەت بەوەی ڕۆڵێکی تێکدەر دەبینێت لە ئەفریقادا و دەڵێت لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی ئیسیوپیادا لە پەیوەندییدایە و داوایان لێدەکات گفتوگۆ لەنێوانیاندا ئەنجام بدەن.

لە مانگی نۆدا ئەمەریکا سەپاندنی سزای بەسەر ئەوانەدا پەسەند کرد کە تەنانەت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش هەڕەشە لە سەقامگیری ئیسیوپیا دەکەن، هەروەها فراوانکردنی قەیرانەکانی ئەو وڵاتە یاخود تێکدانی یارمەتیە مرۆییەکان بۆ ئیسیوپیا.

تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نەبوون لەسەر سزادانی تورکیا لەو بارەیەوە.

لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا، ئەنقەرە کەلوپەلە سەربازییەکانی بە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوکردۆتەوەم هەروەها مەشقی سەربازیی بە هێزە چەکدارەکانی سۆماڵیاش دەکات و لەوێ بنکەی سەربازیی هەیە.

جێی ئاماژەیە سوپای تورکیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تی بی 2 ی لە سوریا و لیبیا و ناگۆرنۆ کاراباخ بەکارهێناوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG