Accessibility links

دوو ئەندامی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پڕۆژە بڕیارێک پێشکەش دەکەن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی تورکیدا


دوو ئەندامی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە یەکێکیان کۆمارییە و ئەوی دیکەیان سەر بە دیموکراتەکانە پڕۆژە بڕیارێکیان پێشکەش کردووە تیایدا داوا دەکات سزا بسەپێنرێت بەسەر بەرپرسانی تورکیادا بەهۆی ڕۆڵیانەوە لە دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی ئەمەریکی و کارمەندانی ناوخۆ لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە تورکیا.

پڕۆژە بڕیارەکە کە سیناتۆری کۆمارییەکان ڕۆجەر وێکەر و سیناتۆری دیموکراتەکان بێن کاردین پێشکەشیان کردووە داوا لە سەرۆک ترامپ دەکات داوا لە تورکیا بکات ڕێز لە مافە سەرەکییەکان بگرێت، ئاماژەش بەوە دەدات هەزاران کەس بوونەتە قوربانی بەهۆی تۆمەتبار کردنیانەوە بەهۆی پاڵنەری سیاسییەوە.

سیناتۆر کاردین لە بەیاننامەکەدا دەڵێت " زیندانیکردنی هاوڵاتیانی ئەمەریکی و تورکی کە کارمەندی ئەمەریکان لە تورکیا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانی ئەوانە." وتیشی " ئەو پڕۆژە بڕیارەی پێشکەشمان کردووە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمەریکا چیتر ئەو پێشێلکارییانەی تورکیا قبوڵ ناکات کە چەند ساڵە لەم بابەتانەدا دەیکات."

دەستگیرکردنی کارمەندانی تورکی لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە تورکیا و دەستگیرکردنی هاوڵاتییەکی ئەمەریکی بە یەکێک لە خاڵە ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە دادەنرێت. هەروەها ئەو دوو وڵاتە ناکۆکییان هەیە سەبارەت بە سیاسەتیان لە سوریا و پلانەکانی تورکیا بۆ کڕینی سیستمی بەرگری موشەکیی ڕوسی.

پڕۆژە بڕیارەکە داوا لە بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا دەکات سزا بسەپێنێت بەسەر هەموو ئەو بەرپرسە تورکییانەدا کە ڕۆڵیان هەبووە لە دەستگیرکردنەکانی هاوڵاتیان و کارمەندانی ئەمەریکیدا، یەکێک لە سزاکان ئەوەیە ڕێگە نەدەن ئەو بەرپرسانە گەشت بکەن بۆ ئەمەریکا و هەرچی سامانیان هەیە لە ئەمەریکا سڕ بکرێن.

سیناتۆری کۆمارییەکان تۆم دیلیس کە یەکێک بووە لەو پێنج ئەندامەی ئەنجومەنەکە کە پڕۆژە بڕیارەکەیان داڕشتووە دەڵێت " سەرەڕای ئەوەی تورکیا هەنگاوێکی باشی نا بە ئازادکردنی قەشە ئەمەریکییەکە ئاندرو برانس لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا، بەڵام هێشتا پێویستە لەسەر تورکیا کاری زیاتر بکات تاوەکو نیازپاکی خۆی دەربخات و وەکو هاوبەشێکمان لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کار بکات."

جێی ئاماژەیە سێ هاوڵاتی تورکی کە لە کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا کاردەکەن لە تورکیا لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت یاخود بە تۆمەتی هاوشێوەی یەکتر دەستگیرکراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG