Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکادا کۆدەبێتەوە

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی گەشتێکی بۆ فلۆریدا ئەنجامدا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرکردە دیارەکانی ئەوروپا هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکان دەدەن لەگەڵ ترامپدا پێش ئەوەی لە 20 ی مانگی یەکدا سوێندی یاسایی بخوات و وەکو سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەکاربێت.

کۆبوونەوەکەی نێوان میڵۆنی و ترامپ لە هاوینەهەواری مارئالاگۆی ترامپ بەڕێوەچوو لە ویلایەتی فلۆریدا.

سەردانەکەی میڵۆنی چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکەی دێت لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ڕۆما. لە کاتێکدا کە هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە کۆبوونەوەکەیان بڵاونەکراوەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، میڵۆنی پلانی هەبووە لەگەڵ ترامپدا تاوتوێی جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و پرسەکانی بازرگانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ڕۆژنامەنووسە ئیتاڵییە بکات کە لە تاران دەستبەسەر کراوە.

ترامپ لە مارئالاگۆ وتی " ئەمە زۆر خۆشە، من لێرەم لەگەڵ ژنێکی سەرسوڕهێنەردا، سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا. بە ڕاستی ئەوروپای توشی سەرسوڕمان کردووە."

یەکێک لە کێشە گەورەکانی ڕووبەڕووی میڵۆنی بووەتەوە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵیایی سیسیلیا سالایە لە ئێران، کە لە 19 ی مانگی دوانزەدا لە ئێران دەستگیرکرا.

دەستگیرکردنەکەی سالا سێ ڕۆژ دوای ئەوە بوو کە خاوەن کارێکی ئێرانی محەمەد ئەبیدینی لە فڕۆکەخانەیەکی میلانی ئیتاڵیا لەسەر داوای ئەمەریکا دەستگیرکرا، ئەمەریکا ئەبیدینی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دابینکردنی پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، واشنتن دەڵێت ئەو پارچانە لە هێرشەکەی ساڵی 2023 دا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی لە ئوردن بەکارهێندراون کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکایی. ئێران ڕەتی کردووەتەوە دەستی لەو هێرشەدا هەبووبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG