Accessibility links

سەرۆک ترامپ: تورکیا بە ئابوری وێراندەکرێت ئەگەر لە کوردەکان بدات


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت ئەگەربێت و تورکیا لە کوردەکانی سوریا بدات، ئەوا لە ڕووی ئابوریـیەوە وێراندەکرێت، ئەمەش پاش ئەو هەڕەشە بەردەوامانەی کاربەدەستانی ئەنکەرە لە هێزە کوردیـیەکانی سوریای دەکەن.

سەرۆک ترامپ شەوی یەکشەممە لەسەر تویتەرەکەی خۆی نووسیویەتی" کشانەوە لە مێژینەکەی چاوەڕواندەکرا دەستیپـێکرد هاوکاتی ئەوەی ئەو ناوچە بچوکەی بە دەستی خەلافەتەکەی داعشەوە ماوەتەوە بە توندی لێدەدرێت. ئەگەر سەرهەڵبداتەوە ئەوا جارێکی دیکە هێرشی دەکرێتەوە سەر لەو بنکە نزیکەی هەیە. تورکیا لە ڕووی ئابوریـیەوە وێراندەکرێت ئەگەر لە کوردەکان بدات. دروستکردنی 20 میل ناوچەیەکی پارێزراو. بە هەمان شێوە نامانەوێت کوردەکان تورکیا ئیسفزازبکەن. ڕووسیا و ئێران و سوریا گەورەترین سوودمەندبوون لە سیاسەتە درێژخایەنەکەی ئەمەریکا بۆ لەناوبردنی داعش لە سوریا- دوژمنی ئاسایـین. ئێمەش سوودمەنددەبین، بەڵام ئیتر کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانمان بگەڕێنەوە. ئەو شەڕە بێ کۆتایـیە ڕابگرن."

بەڵام سەرۆک ترامپ لە تویتەکەی ئاماژەی بۆ ئەوە نەکردووە ئەو ناوچە پارێزراوەی پـێشنیاری کردووە لە نێو خاکی سوریا دەبێت یان تورکیا یانیش لە نێو هەردوو وڵاتدا دەبێت.

پاش بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکان لە سوریا، ناڕەزایی لە نێو بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا دروستبوو و هەوڵ درا سەرۆک ترامپ لە بڕیارەکەی پاشگەزبکەنەوە، بەڵام بێ ئەنجام بوو، بۆیە جێم ماتیس کە وەزیری بەرگری بوو و برێت مەکگورک نوێنەری پـێشووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی دژی داعش، هەردووکیان دەستیان لەکارکانیان کێشایەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس ناڕەزایی خۆیان لەم بارەیەوە دەربڕی و بە هەڵەیەکی گەورە ناودێریانکرد کە بە قازانجی نەیارانی ئەمەریکا دەکەوێتەوە.

XS
SM
MD
LG