Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە خێزانەکانی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا دەکات ئەو وڵاتە جێبهێڵن


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا فەرمانیکرد ئەندامانی خێزانەکانی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا ئەو وڵاتە جێبهێڵن، هەروەها ڕێگەیدا بە ڕۆیشتنی خۆبەخشانەی ئەو کارمەندانەی کە ڕاستەوخۆ گرێبەستیان لەگەڵ ئەمەریکادا هەیە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامبوونی هەڕەشەکانی سوپای ڕووسیاوە دژی ئۆکرانیا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داواش لە هاوڵاتیانی ئەمەریکا دەکات لە ئۆکرانیا ئێستا بیر لە جێهێشتنی ئەو وڵاتە بکەنەوە، ئەوەش لەڕێی بەکارهێنانی گەشتە ئاسمانییە ئاساییەکانەوە یاخود ئەو هۆکارانەی دیکەی گواستنەوە کە لەبەردەستدان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووبارە ئاستی چواری هۆشداریدانی سەبارەت بە گەشتکردن بۆ ئۆکرانیا بڵاوکردەوە، وتی " بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەی کارەکانی سوپای ڕووسیا و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە گەشت مەکەن بۆ ئۆکرانیا." پێشتریش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئاستی هۆشداریدانەکە بە هەمان شێوە لە ئاستی چواردا بوو.


سەبارەت بە گەشتکردنیش بۆ ڕووسیا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جارێکی دیکە ئاگاداری بڵاوکردەوە سەبارەت بە گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە و وتی " بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی سەر سنووری نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەگەری هەراسانکردنی هاوڵاتیانی ئەمەریکی، سنوورداریی تواناکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیانی ئەمەریکا لە ڕووسیا، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، و کۆتوبەندەکانی چوونە ناوەوە بۆ ئەو وڵاتە و بێزارکردنەکانی بەرپرسانی ئاسایشی حکومەتی ڕووسیا، گەشت مەکەن بۆ ڕووسیا."

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاتێک سەبارەت بە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم ڕێوشوێنانە پرسیاری لێکرا، وتی لە وەڵامی ئەو ڕاپۆرتانەدایە کە ئاماژە بەوە دەدەن ڕووسیا پلانێکی گەورە دادەنێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازیی دژی ئۆکرانیا.

وتیشی ڕەوشی ئاسایشی ناوچەکە پێشبینی نەکراوە و دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا خراپتر ببێت، بەتایبەتی بەدرێژایی سنوورەکانی ئۆکرانیا و نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیا کە ڕوسیا داگیریکردووە و ڕۆهەڵاتی ئۆکرانیاش کە بە هەمان شێوە لەلایەن ڕوسیاوە کۆنتڕۆڵکراوە.

بەرپرسەکە وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتوویەتی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت ڕووبدات، ئەگەر داگیرکردنیش هەبێت، ئەوا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤ توانایەکی سنوورداری دەبێت بۆ یارمەتیدانی ئەو ئەمەریکیانەی کە لەوانەیە بیانەوێت ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە سەرجەم هاوڵاتیانی ئەمەریکی کرد لە ئۆکرانیا لەڕێی ئۆنلاینەوە فۆڕمێک پڕبکەنەوە، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بتوانێت باشتر پەیوەندییان لەگەڵدا بکات، وتی ئەمە بەتایبەتی بۆ ئەو ئەمەریکیانە گرنگە کە دەیانەوێت لە ئۆکرانیا بمێننەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG