Accessibility links

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا دەگەنە ئەرمینیا لە کاتێکدا کە ئەرمەنەکانی قەرەباغ ناوچەکە جێدەهێڵن

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە گەیشتنە ئەرمینیا، ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەرمەنەکانی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ دەستییان کرد بە جێهێشتنی هەرێمەکە، دوای ئەوەی ئازەربایجان شکستی بە هێزە جیاخوازەکانی هەرێمەکە هێنا و کۆنتڕۆڵی کردەوە.

سەردانەکەی سەرۆکی دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا سامانثا پاوەر و یاردەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەوروپا و یوراسیا یوری کیم، یەکەمین سەردانی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا دەبێت بۆ ئەرمینیا، لە دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئەرمەنەکانی قەرەباغ ناچاری ئاگربەست کران.

بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی پاوەر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەرمینیادا کۆدەبێتەوە، هەروەها جەخت لە هاوبەشییەکەی ئەمەریکا دەکاتەوە لەگەڵ وڵاتەکەدا و " نیگەرانی قووڵی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە دانیشتوانی ئەرمەنی لە ناگۆرنۆ قەرەباغ و تاوتوێکردنی ڕێوشوێنەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە مرۆییەکەی ناوچەکە."

بەرپرسەکە وتیشی پاوەر یەکەمین بەڕێوبەری دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا دەبێت سەردانی ئەرمینیا بکات.

دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندنی گەشتەکەدا وتی " ئەمەریکا زۆر نیگەرانە سەبارەت بە بەربەستەکانی بەردەم دەستڕاگەیشتنی ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و هاتووچۆ بازرگانییەکان."

ئەرمەنەکانی قەرەباغ کە ناوچەیەکە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەکو بەشێک لە خاکی ئازەربایجان ناسێندراوە و بەڵام پێشتر لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ئازەربایجاندا بووە، هەفتەی ڕابردوو دوای 24 کاتژمێر لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای ئازەربایجان، داوای ئاشتییان کرد.

ئەرمەنەکانی قەرەباغ بەڵێنەکانی ئازەربایجان لەسەر گرەنتیدانی مافەکانییان پەسەند ناکەن لە کاتێکدا کە هەرێمەکە لەگەڵ ئازەربایجاندا یەکدەخرێتەوە. سەرکردایەتی ناگۆرنۆ قەرەباغ بە ڕۆیتەرزی وت دانیشتوانە 120,000 ئەرمەنییەکەی هەرێمەکە نایانەوێت وەکو بەشێک لە ئازەربایجان بژین، ئەوەش بەهۆی ترس و مەترسی لێپێچینەوە و پاکتاوی نەژادییەوە.

حکومەتی ئەرمینیا دەڵێت تاوەکو کاتژمێر 5 ی بەیانی ڕۆژی دووشەممە زیاتر لە 2,900 کەس لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغەوە هاتوونەتە ناو ئەرمینیاوە.

ئەرمینیا شوێنی بۆ دەیان هەزاران ئەرمەنی هەرێمەکە تەرخان کردووە، لەوانەش لە هۆتێلەکانی نزیک سنوورەکە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیان دەڵێت نایەوێت ماڵەکانی خۆیان لە قەرەباغ جێبهێڵن ئەگەر زۆر پێویست نەکات.

هەزاران ئەرمەنی لە قەرەباغ بەبێ خۆراک ماونەتەوە.

بەرپرسانی ئەرمینیا لە ناوچەکە دەڵێن درەنگانێکی ڕۆژی شەممە نزیکەی 150 هەزار تەن لە یارمەتی مرۆیی لە ڕووسیا و 65 تەنی دیکە لە ئارد لەلایەن کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوورەوە گەیەندراونەتە هەرێمەکە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG