Accessibility links

ئەمەریکا بەنیازە مەشق و ڕاهێنانی لەشکری بە قوبرس بکات


فڕۆکەخانەی لەشکری ئاکرۆتیری قوبرسی یۆنانی

ئەمەریکا بۆ یەکەم جار بڕیار دەدات مەشق و ڕاهێنانی لەشکری بە قوبرس بکات، ئەمەش بۆی هەیە تورکیای هاوپەیمانی ناتۆی توڕەبکات کە لە ئێستادا لەگەڵ قوبرسدا لە گرژیدایە.

مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی دەرەوە گوتی وەک یەکێک لە پەیوەندیـیە ئاسایشیـیەکانی لەگەڵ کۆماری قوبرسدا پەرەی پـێدەدرێت، وە بۆ یەکەم جاریش، وەزارەتی دەرەوە پارە دابیندەکات بۆ مەشق و ڕاهێنانی لەشکری بۆ ئەو وڵاتە بەپـێی ئەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا دابینی دەکات.

گوتیشی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ پتەوکردنی پەیوەندیـیەکان لەگەڵ هاوبەشە گرنگەکانی لە ناوچەکە بۆ سەقامگیریـیە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

کۆنگرێسی ئەمەریکا ساڵی ڕابردوو کۆتایی‌هێنا بە قەدەغەی فرۆشتنی چەک بە کۆماری قوبرسی یۆنانی کە لە ساڵی 1987 وە بەسەریدا سەپاندبووی وەک هەوڵێک بۆ هاندانی بە ئاڕاستەی گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە لە دورگەی قوبرس کە لەوەتای ساڵی 1974 وە دووبەش بووە، پاش ئەوەی تورکیا هێرشی لەشکری کردە سەر دورگەکە، کاتێک یۆنانیـیەکانی قوبرس هەوڵیان دا دورگەکە بخەنە سەر یۆنان.

تورکیا و قوبرسی تورکی ناڕەزایـیان بەرامبەر بڕیارەکەی کۆنگرێس دەربڕی و گوتیان هیچ ئەنجامێکی نابێت جگە لە زیادکردنی گرژیـیەکان و دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکە.

پـێشتر هەتا ڕادەیەکی زۆر سەقامگیریـیەک لە دورگە دروستبوو، بەڵام لە ئێستادا گرژیـیەکان سەریانهەڵداوەتەوە بەهۆی هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەڕان بە دوای نەوت و گازی سروشتی لە نزیک کەنارەکانی قوبرس.

XS
SM
MD
LG