Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: ئەمەریکا بڕی 3 ملیار دۆلار یارمەتی سەربازیی نوێ بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت


بەرپرسێکی ئەمەریکا دەڵێت ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا کۆمەڵێک یارمەتی ئاسایشی نوێ بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت کە بەهاکەیان دەگاتە نزیکەی 3 ملیار دۆلار.

یارمەتییەکان هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی ڕۆژی سەربەخۆیی ئۆکرانیا کە ڕۆژی چوارشەممە دەکاتە 31 ساڵ دوای سەربەخۆیی ئۆکرانیا لە یەکێتی سۆڤیەت.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات گوتی چەکە نوێیەکان وادەرناکەون ئەو چەکانەیان تێدا بێت کە پێشتر دراون بە سوپای ئۆکرانیا. هەروەها بڕ و جۆراوجۆریی چەکەکان ڕەنگە پێش ڕاگەیاندنی فەڕمی یارمەتییەکان بگۆڕدرێن.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا کە مۆسکۆ بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات، ئەمەریکا بڕی 10.6 ملیار دۆلاری لە یارمەتی سەربازیی پێشکەشی حکومەتی ئۆکرانیا کردووە.

مۆسکۆ لە جەنگەکەدا بەشێوەیەکی سەرەکی هەوڵ دەدات هەرێمی دۆنباس کۆنتڕۆڵ بکات کە هەریەک لە هەرێمەکانی لوهانسک و دۆنێتسک لەخۆدەگرێت، لەوێ هێزەکانی جیاخوازەکان کە ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکات لە ساڵی 2014 ەوە دژی هێزەکانی ئۆکرانیا شەڕ دەکەن، هەر لەو ساڵەشدا ڕووسیا نیمچە دوورگەی کرایمییەی باشووری ئۆکرانیای گرتەخۆی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG