Accessibility links

ئەمەریکا بوونی سەربازی خۆی لە ئەوروپا زیاتر دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەڵێنی دا هێزی ئەمەریکی زیاتر و فڕۆکەی جەنگی و کەشتی جەنگی زیاتر ڕەوانەی ئەوروپا بکات.

ڕاگەیاندنەکەی بایدن لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە مەدرید " بۆ بەرگریکردن لە بست بە بستی خاکی هاوپەیمانان " لەکاتێکدا هات کە هاوپەیمانێتی ناتۆ پلانێکی نوێی داناوە بۆ پتەوکردنی وڵاتانی باڵتیک و پۆڵەندا دژی ئەگەری هەر هێرشێکی داهاتووی ڕووسیا.

لەکاتێکدا هێزەکانی ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانێتییەکە لە ئامادەباشیدان بۆ ڕەوانەکردنیان بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئەمەریکاش کەشتی جەنگی زیاتر ڕەوانەی ئیسپانیا دەکات و فڕۆکەی جەنگیش ڕەوانەی بەڕیتانیا دەکات و سەربازی زیاتریش ڕەوانەی ڕۆمانیا دەکات، ئەمانەش هەمووی زیاد دەکرێن بۆ ئەو 100,000 سەربازەی ئەمەریکا کە لە ئەوروپادا بوونیان هەیە.

بایدن گوتی " هێرشکردنە سەر یەکێکمان هێرشکردنە سەر هەموومانە."

بەڵام سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی لە هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ناتۆ و ڕووسیای بەمزووانە کەمکردەوە و وتی " هیچ مەترسییەک نیە لەسەر زیادبوونی گرژی سەربازیی، دەبێت ئامادە بین بەڵام هیچ مەترسییەک نیە."

هاوکات ڕابەرانی وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕازیبوون لەسەر ئەوەی زیاتر لە 300,000 سەرباز بخەنە ئامادەباشییەوە.

لە ڕابردوودا هاوپەیمانێتییەکە تەنها 40,000 سەربازی لە ئامادەباشیدا بووە، کە ئەو هێزانە یەکەمین هێز دەبن ڕووبەڕووی هێرشی ڕووسیا ببنەوە.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی " جەنگەکەی سەرۆک پوتن دژی ئۆکرانیا ئاشتی لە ئەوروپا شکاند، ناتۆ بە بەهێزیی و یەکگرتووییەوە وەڵامی دایەوە."

ئەمەریکا بارەگایەکی سەربازیی هەمیشەییش لە پۆڵەندا دەکاتەوە، سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا دەستبەجێ پێشوازی لەو بڕیارەی ئەمەریکا کرد. دودا وتی وارشۆ لەمێژە پێی وایە بوونی بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە سەر خاکی پۆڵەندا " لەڕاستیدا پارێزراوییمان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، لەم بارودۆخە سەختەدا کە ئێستا تیایداین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG