Accessibility links

ئەمەریکا بەنیازە بەبێ سزاکان ڕێگە بە وەبەرهێنانە بیانییەکان بدات لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا


ڤیکتۆریا نولاند، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ڤیکتۆریا نولاند، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

ئەمەریکا دەڵێت واشنتن ڕێگە بە هەندێک لە وەبەرهێنانە بیانییەکان دەدات لەو ناوچانەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی سوریادان، بەبێ ئەوەی سزاکان بیانگرێتەوە. وتیشی ئامانج لەم هەنگاوە یارمەتیدانی ناوچەکەیە کە پێشتر لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بووە.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڤیکتۆریا نولاند لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانێتی جیهانیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعشدا لە مەراکیش وتی واشنتن مۆڵەتێکی گشتی دەردەکات و کۆمپانیاکان لە سزا و کۆتوبەندەکانی ئەمەریکا ئازاد دەکات.

نولاند وتی " لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەمەریکا بەنیازە مۆڵەتێکی گشتی دەربکات بۆ ئاسانکردنی کارەکانی چالاکییە وەبەرهێنانە ئابوورییە تایبەتەکان، لەو ناوچانەدا کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریادا نین و لە دەست ڕێکخراوی داعش ئازادکراون."

هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕابەرایەتی کوردەکانی سوریا بە یارمەتی ئەمەریکا بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دژی داعش شەڕی کرد و ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵ کردووە. حکومەتی سوریاش دەڵێت ئەو ناوچانە دەبێت بگەڕێندرێنەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند.

باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە سنووری بە عێراق و تورکیاوەیە، هەندێک لە نەوتی یەدەگی سوریای تێدایە و خاکێکی کشتوکاڵی هەیە و ڕووباری فوڕاتیشی پیادا دەڕوات.

بەڵام دیبلۆماتکارێک کە بە چڕی بابەتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا تاوتوێ کردووە وتی مۆڵەتەکە تەنها دەدرێت بە وەبەرهێنانەکان لە کشتوکاڵ و کارەکانی دووبارە بونیادنانەوەدا، نەوت ناگرێتەوە.

هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت ناوچەیەکی باکووری سوریایان لەژێر دەستدایە کە پێشتر ڕێکخراوی داعش کۆنتڕۆڵی کردبوو.

تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە گروپێکی تیرۆریست دەزانێت، دیبلۆماتکارەکە وتی تورکیا دژایەتی مۆڵەتەکە ناکات چونکە مۆڵەتەکە سەرجەم ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەگرێتەوە، بەو ناوچەیەشەوە کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادان و تورکیا پشتیوانیان لێدەکات.

ئەمەریکا سزای توندی سەپاندووە بەسەر سوریادا بەهۆی ڕۆڵی حکومەتی سوریاوە لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، بەڵام پشتیوانی دارایی لەو چالاکییانە کردووە کە " دەبنە هۆی سەقامگیرکردنی " ئەو ناوچانەی کە هاوپەیمانەکانی لەژێر دەستی داعشدا دەریانهێناون.

نولاند وتی ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا 45 ملیۆن دۆلاری لەو ناوچانەدا خەرج کردووە، بە ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکەی وت ئەمەریکا دەیەوێت لەم ساڵدا 350 ملیۆن دۆلار بۆ سەقامگیرکردنی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا تەرخان بکات. وتیشی ئەمەریکا هەوڵی بەدەستهێنانی بڕێکی هاوشێوە دەدات بۆ عێراقیش.

وتیشی وەبەرهێنان لەو ناوچانەدا کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون پێویستە، ئەوەش لەپێناو ئەوەدا کە ڕێگە نەدرێت ڕێکخراوی داعش دووبارە سەرهەڵبداتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG