Accessibility links

گفتوگۆکانی نێوان تاڵیبان و ئەمەریکا لە دۆحەی پایتەختی قەتەڕ کۆتایی هات


تاڵیبان و شاندەکەی ئەمەریکا کۆتاییان بە کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەکەیان هێنا لە دۆحەی پایتەختی قەتەڕ، تاڵیبان وتی شاندەکەی داوای لە بەرپرسانی ئەمەریکا کردووە ئەو پارانەی ئەفغانستان کە سڕکراون بگەڕێنێتەوە و سزاکان لاببات.

گفتوگۆکان لەکاتێکدا بوون داواکانی ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەکان بۆ زیادکردنی یارمەتیە ئابوورییەکان بۆ ئەفغانستان زیادیکردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەفغانستان لەم زستانەدا ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان تۆماس وێست و وەزیری دەرەوەی تاڵیبان ئەمیر خان موتەقی ڕابەرایەتی شاندەکانیان کرد لە گفتوگۆکانی دۆحە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان عەبدول قەهار وتی هەردوولا گفتوگۆیان کردووە و بۆچوونەکانیان سەبارەت بە بابەتە سیاسیی و ئابووری و تەندروستی و خوێندن و ئاسایش و قەیرانە مرۆییەکان گۆڕیوەتەوە.

وتی " ئەفغانیەکان دڵنیایان کردوونەتەوە لە ئاسایش و داوایان لێکردوون بەزووترین کات و بەبێ مەرج پارەکانی ئەفغانستان بگەڕێننەوە، کۆتایی بە لیستە ڕەش و سزاکان بهێنن و قەیرانی مرۆیی لە سیاسەت جیا بکەنەوە. بە گشتی کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و هەردوولا ڕێکەوتوون لەسەر بەردەوام بوون لەم جۆرە کۆبوونەوانە تاوەکو بەرەو پێشەوە بڕۆین."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمەریکا پابەندە بە دڵنیابوونەوە لەوەی کە سزاکانی ئەمەریکا کاریگەریی لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەفغانی نەبێت لە وەرگرتنی پشتیوانیە مرۆییەکان لە حکومەتی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی مەدەنیەوە.

پڕایس وتی " وەزارەتی خەزێنە مۆڵەتێکی گشتی دەرکردووە بۆ پشتیوانیکردن لە بەردەوامیی یارمەتیە مرۆییەکان بۆ گەلی ئەفغانستان و چالاکییەکانی دیکە کە پشتیوانی لە پێویستیە مرۆییە سەرەتاییەکان دەکەن."

ئاماژەشی بەوەدا شاندەکەی ئەمەریکا " جەختی لە گرنگی ئەوە کردۆتەوە کە تاڵیبان پابەندی بەرپرسیارێتیەکانی بێت و ڕێگە نەدات هیچ کەسێک لە ئەفغانستانەوە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دیکە دروست بکات، هەروەها جەختیان لە دابینکردنی ڕێڕەوێکی پارێزراو کردۆتەوە بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکی و ئەو ئەفغانیانەی کە ئەمەریکا بەرپرسیارێتیان بەرامبەریان هەیە، هەروەها پاراستنی مافەکانی سەرجەم دانیشتوانی ئەفغانستان، لەوانەش مافەکانی ئافرەتان و کچان و کەمینەکان و ئازادکردنی مارک فرێریچس بە پارێزراوی."مارک ئەندازیارێکی مەدەنی ئەمەریکایە و لە ساڵی 2020 دا لە ئەفغانستان بێسەروشوێن بوو.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG