Accessibility links

ناکۆکی لەنێوان تاڵیبان و ئەمەریکادا سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکان لە ئەفغانستان


دەزگای هەواڵی فەڕمی ڕوسیا لە زاری بەرپرسێکی تاڵیبانەوە بڵاویکردەوە ئەمەریکا بەڵێنیداوە هەتاوەکو کۆتایی مانگی چوار نیوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە، بەڵام واشنتن دەڵێت هیچ کاتێک دیاری نەکراوە.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی کاری کردووە بۆ خێراکردنی پڕۆسەی دانوستانەکان لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی لە ئەفغانستان و دەتوانێت ژمارەی هێزەکانی لەوێ کەم بکاتەوە و لەبەرامبەردا جەنگی ئەفغانستان کۆتایی پێبێت.

لە مانگی یەکدا شاندێکی دیکەی ئەمەریکا لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان لە قەتەڕ کۆبوونەوە و وابڕیارە لەم مانگەشدا جارێکی دیکە کۆببنەوە.

دەزگا ڕوسییەکە لە زاری بەرپرسی تاڵیبان عەبدولسەلام حەنەفییەوە بڵاویکردەوە " مانگی ڕابردوو بە ئەمەریکییەکانمان وت لە مانگی دووەوە تاوەکو کۆتایی مانگی چواردەبێت نیوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان بکشێننەوە."

بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " لەسەر هیچ کاتێک ڕێنەکەوتووین بۆ کەمکردنەوە ژمارەی هێزەکان."

وتیشی " ئەگەر هەموو لایەنەکان چی پێویست بێت بیکەن بۆ ئەوەی ئەفغانستان وەکو تەختەیەکی شانۆی تیرۆر بەکارنەهێنن ئەوا ئێمە ئامادەین بیر لە گۆڕانکاری بکەینەوە لە بوونی هێزەکانمان لە ئەفغانستان بەپێی بارودۆخەکە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG