Accessibility links

سەرچاوەکان: هێزەکانی ئەمەریکا مەشقی سەربازیی بە تایوانیەکان دەکەن


دوو سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت ئاماژەیان بەوەدا ژمارەیەکی کەم لە سەربازانی هێزی ئەرکە تایبەتیەکانی ئەمەریکا ڕەوانەی تایوان کراون و مەشق بە هێزەکانی تایوان دەکەن.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاوە کە ئاماژە بە ناوەکەی نەکراوە، وردەکاری مەشقەکانی بڵاوکردۆتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کە هەرگیز وردەکاریی مەشقە سەربازییەکانی ئەمەریکا یاخود ئەرکەکانیان لە تایوان ئاشکرا نەکردووە، هیچ لێدوانێکی تایبەتی لەسەر بابەتەکە نەدا و ڕەوانەکردنی سەربازەکانی پشتڕاست نەکردەوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن سوپڵ وتی " هیچ لێدوانێکم نیە لەسەر ئەرکە تایبەتیەکان و مەشقەکان، بەڵام دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ئەوەی پشتیوانیمان لە پەیوەندییە بەرگرییەکەمان لەگەڵ تایوان بەڕووی هەڕەشەکانی چیندا بە جێگیری دەمێنێتەوە ."

سوپڵ لە بەیاننامەیەکدا بە دەنگی ئەمەریکای وت " چین هەوڵەکانی زیاتر کردووە بۆ فشار خستنەسەر تایوان و هاوپەیمانەکانی دیکە و تۆقاندنیان، لەو هەوڵانەش زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی چینە لە نزیک تایوان و دەریای ڕۆژهەڵاتی چین و دەریای باشووری چین، کە ئێمە باوەڕمان وایە ئەم جۆرە کارانە دەبنە هۆی ناسەقامگیری مەترسییەکانی بە هەڵە لێکدانەوە زیاتر دەکات."

وتیشی " ئەمەریکا بەرژەوەندی لە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی دەریای هیندی و هێمندا هەیە، بە تەنگەی تایوانیشەوە."

کاتێک سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جێرناڵ پرسیاری لێکرا، ئۆفیسی سەرەکی نوێنەرایەتی تایوان لە ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای وت هیچ لێدوانێکیان نیە بیدەن.

سەرچاوەکان ڕەتیان کردەوە ئاماژە بەوە بدەن مەشقەکان لە کەیەوە بەردەوامن، بەڵام وتیان مەشقەکان پێش دەستبەکاربوونی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدنیش هەبوون.

ئەگەر هاتوو ئەمەریکا ئەم بابەتە پشتڕاست بکاتەوە ئەوا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین خراپتر دەبن، لەکاتێکدا پەکین مەشقی سەربازی لەنزیک تایوان ئەنجام دەدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG