Accessibility links

نوێنەری باڵای ئەمەریکا لە تایوان دەڵێت واشنتن پابەندە بە یارمەتیدانی تایوانەوە لە بەرگریکردن لەخۆیدا


نوێنەری باڵای ئەمەریکا لە تایوان ساندرا ئۆدکیرک وتی ئەمەریکا پابەندە بە یارمەتیدانی تایوانەوە لە بەرگریکردن لە خۆی لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تایوان و چیندا.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئۆدکیرک وتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تایوان " وەکو بەرد پتەوە."

وتی " ئەمەریکا بەرپرسیارێتیەکی هەیە لە یارمەتیدانی تایوان لە بەرگریکردن لە خۆی."

لێدوانەکانی ئۆدکیرک لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان چین و تایوان لەم هەفتانەی دواییدا زیادیکردووە.

لەکاتێکدا ئەمەریکا وەکو زۆرێک لە وڵاتانی دیکە پەیوەندی دیبلۆماتی فەڕمی لەگەڵ تایواندا نیە، بەڵام گەورەترین پشتیوانیە بۆ دورگەکە و سەرچاوەی سەرەکی چەکە بۆ تایوان، بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکاش چەند جارێک جەختی لەو پشتیوانیە کردۆتەوە.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمەریکا یارمەتی تایوان دەدات لەکاتێکدا ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر، ئۆدکیرک وتی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر تایوان ڕوونە و بە جێگیری دەمێنێتەوە.

جێی ئاماژەیە چین فشارە سەربازی و سیاسیەکانی بۆ سەر تایوان زیادکردووە و دەیەوێت ناچاری بکات فەرمانڕەوایی چین پەسەند بکات، بەڵام تایوان ئەوە ڕەت دەکاتەوە، لەمدواییانەشدا چالاکییە سەربازییەکانی چین لەنزیک تایوان زیادیکردووە و فڕۆکەی جەنگی بەسەر ناوچەی ئاسمانی بەرگری تایواندا دەبات.

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن وتی ژمارەیەکی کەم لە سەربازانی ئەمەریکا لە تایوان مەشقی سەربازی بە سەربازە تایوانیەکان دەدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG