Accessibility links

ئەمەریکا سزای زیاتر بەسەر ڕژێمی سوریا دەسەپـێنێت


لە سێـیەمین ساڵیادی هێرشی سەر ناوچەی ئەرمەناز لە باکوری پارێزگای ئیدلیب، ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر دارودەستەکەی ڕژێمی بەشار ئەسەد سەپاند.

مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سێ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک دوێنێ 29 ی نۆی ساڵی 2017 ، ڕژێمی ئەسەد کە لەلایەن ڕووسیاوە پاڵپشتی دەکرێت بەلایەنی کەم 34 کەسی سوری لە شارۆچکەی ئەرمەناز کوشت. لەو کاتەوە هەزاران بۆمبی بەشار ئەسەد گیراونەتە نەخۆشخانەکان و بازاڕەکان لە سەرانسەری سوریا. خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە لەم هەوڵە لەشکریـیە بێ سوودەی ئەسەد لە دژی میلـلەتەکەی.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ 17 بڕیاری سزا لەسەر سوریا ڕادەگەیەنێت وەک بەشێک لە هەڵمەتی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا بۆ بەدیهێنانی ئامانجی یاسای قەیسەری ساڵی 2019 بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل لە سوریا و سزادانی ئەسەد و پشتیوانکەرانی لەسەر تاوانەکانیان، لەوانە کوشتنکاریـیەکەی ئەرمەناز و ژمارەیەکی بێ شوماری تاوان لە ناوچەکانی دیکەی سوریا.

لەگەڵ ئەو 14 کەس و کۆمپانیا و دەزگایەی وەزارەتی خەزێنە ڕایگەیاندووە سزا بەسەریاندا دەسەپـێنرێت، کە بریتین لە سەرمایەداری گەندەڵ و بەرپـرس و کارداریی سەر بە ئەسەد، وەزارەتی دەرەوە 3 سزا بەسەر فەیلەقی پـێنجی لەشکری عەرەبی سوریا و تۆڕی کارداری ناشەرعی خودی بەشار ئەسەد دەسەپێنێت. بە دیاریکراوی، میلاد حەدید فەرماندەی فەیلەقی پـێنج بە پـێی فەرمانی جێبەجێکاری ژمارە 13894 ، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانی لە دانانی کۆسپ و پەکخستن و ڕێگەگرتن لە ئاگربەست لە سوریا.

وێڕای ئەوەش، هەستاین بە سەپاندنی سزا بەسەر نەسرین ئیبراهیم و ڕەنا ئیبراهیم، هەردوو خوشکی گەورەی یاسر ئیبراهیمی سەرمایەداری سەر بە ئەسەد بەپـێی بڕگەی 2 فەرمانی جێبەجێکاری ژمارە 13894. ئەندامانی بنەماڵەی ئیبراهیم بە ڕێبەرایەتی یاسر ئیبراهیم وەک ڕووکەشێک بۆ بەشار ئەسەد و ئەسما ئەلئەخرەسی هاوسەری کاردەکەن. لە کاتێکدا ملیۆنان سوری ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوە، بنەماڵەی ئیبراهیم بە شێوەیەکی لە ڕادەبەدەر پارە خەرج دەکەن بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی خودی ئەسەد و ئەخرەس بەسەر ئابوری سوریا.

بە شێوەیەکی گشتی، سزاکانی ئەمەریکا بازرگانی و یارمەتی و چالاکی پەیوەندیدار بە مرۆیی ناکەنە ئامانج. بە پـێچەوانەی ڕژێمی ئەسەد و کەسانی بەدکاری وەکو بنەماڵەی ئیبراهیم، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی پشتیوانیـیەکانی بۆ خەڵکی سوریا. ئەمەش ئەو زیاتر لە 720 ملیۆن دۆلارە دەگرێتەوە کە لە 24 ی مانگی نۆ ڕاگەیەندرا، بەمە تێکڕای پشتیوانی مرۆیی ئەمەریکا بۆ خەڵکی سوریا دەگاتە زیاتر لە 12 ملیار دۆلار لەوەتای قەیرانەکە دەستیپـێکردووە.

سزادانی کاربەدەستانی باڵا لە حکومەتی سوریا و فەرماندە لەشکریـیەکانی و ڕێبەرە کاردارە گەندەڵەکانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکاوە ناوەستێت هەتا ئەو کاتەی ڕژێمی ئەسەد هەنگاوی بێ پاشگەزبوونەوە دەنێت بۆ کۆتایی‌هێنان بە شاڵاوی توندوتیژی لە دژی خەڵکی سوریا و جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی بڕیاری ژمارە 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. هەتا ئێستا، پشتیوانکەرانی بیانی ئەسەد تەنیا بوێریان داوە بە لایەنگرانی ڕژێمەکەی و زیاتر لە کاری دارایی و لەشکری تێوەیانگلاندوون بۆ هێشتنەوەی ڕژێم. ڕێگەیەکی ڕوون هەیە بۆ هەنگاونان بەرەو پـێشەوە. خەڵکی سوریا زۆر مەینەتی دی. ئێستا کاتی چارەسەرێکی سیاسی ئاشتیخوازانە بۆ شەڕی سوریا بەو شێوەیەی لە بڕیاری ژمارە 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتووە.

XS
SM
MD
LG